Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

١٦ی ئاب، لە دامەزراندنی پارتێکەوە بۆ داڕشتنەوەی ئایندەی نەتەوەیەک

غەیدا بێرۆخی - مامۆستای زانکۆ

١٦ی ئاب، ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی هیوا و سەرۆک و مەرجەعی کورد (سەرۆک مەسعود بارزانی)، بیرەوەرییەکی مێژوویی و هیوای نەتەوەی کوردە و یەکێکە لە یاد و ڕۆژە هەرە گرینگەکان لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا.

لەم ڕۆژەدا و دروست لە ۱٦ی ئابی ساڵی ۱۹٤٦دا، پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارودۆخێکی تایبەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمەدا بۆ گەیاندنی دەنگی کورد بە هەموو جیهان و وەرگرتنی مافی ڕەوای گەلی کورد و ئازادی و سەربەخۆیی دامەزرا، بێگومان مێژووی گەلەکەشمان پڕە لە قۆناغ و ڕووداوی جۆراوجۆر و بەشداریی کاریگەر لە دروستکردنی داهاتوودا، بۆیە لەناو ئەم مێژووەدا ڕێکخستنی سیاسی و دامەزراندنی حزب و ڕێکخراوەکان، ڕۆڵێکی گرینگیان لە گەشەپێدانی هۆشیاریی نەتەوەیی و سیاسیدا هەبووە.

‏‏لە هەمان کاتدا، لەدایکبوونی هیوا و مەرجەعی کورد و خەمخۆر و داکۆکیکاری مافی ڕەوای نەتەوەی کورد (سەرۆک مەسعود بارزانی) لەو ڕێکەوتەدا، هیوا و ئومێدی بە گەلێکی خێرلەخۆنەدیو و ستەملێکراو بەخشی، کە هەر لەسەر هەمان ڕێچکەی باوکی رۆحیی نەتەوەی کورد (مەلا مستەفا بارزانی) درێژە بە خەباتی نەپساوە دەدات و نەشوەستا تاکو ئازادی و دەستکەوتەکانی بۆ گەلی کورد بەدەست هێنا، کە بێشک ئێشتاش بە کاریزما و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وەک نێوەندگیر، ڕۆڵی سەرەکی لە کردنەوەی گرێکوێرە و کارکردن بۆ یەکڕیزیی کورد لە هەر چوار پارچە و هێنانەدیی خەونی چەند ساڵەی کورد دەبینێت.

‏١٦ی ئاب بۆ ئێمەی کورد  تەنیا یادەوەریی دامەزراندنی حزبێک نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ بیرکردنەوە لە مێژوو و ئەزموون و خەبات و  قوربانی و هەوڵ و ماندووبوونی سەرۆک و باب و باپیرانمان، ئەم  مێژووە فێرمان دەکات کە گەیشتن بە ئامانجی گەورە، پێویستی بە ئارامگرتن و هۆشیاری و یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد و کارکردنی بەردەوام هەیە.

‏لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، نەتەوەی کورد بە ڕۆژانی سەخت و دژواردا تێپەڕیوە، بەڵام لەسەر دەستی جەنابی (سەرۆک بارزانی) و پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ هەموو ئەو سەختی و دژوارییەشدا، هیچ کاتێک بێهیوا نەبووە و نەوەستاوە لە خەباتکردن و پێشمەرگەئاسا لە چیا سەخت و سارد و دژوارەکانی کوردستاندا ماونەتەوە و قوربانییان بۆ گەیشتن بە ئازادی و خۆشەویستیی خاک و نیشتمان لە دڵ و دەروونیاندا داوە، تاکو گەیشتوون بەو ڕۆژەی کە ئێستا تێیداین و ئازادین و خاوەن قەوارەی خۆمانین و چەندین دەستکەوت بەدی هێنراون لە دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەت و... هتد، بۆیە، ئەرکە لەسەر هەموومان بەشداریی کارامان لە پاراستنی ئەم دەسکەوتانەدا هەبێت، کە بە خوێنی ئاڵی هەزاران ڕۆڵەی کورد بەدی هاتوون.

لای هەمووان ڕوونە، ‏لە سەردەمی ئێستاماندا  خزمەتکردنی کوردستان تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە فەراهەم نەبووە، بەڵکو لە ڕێگەی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە و توێژینەوەی زانستی و ئابووری و  تەکنەلۆژی و پاراستنی کولتوور و بەها کۆمەڵایەتییەکانیشەوە خزمەتی بەرچاو کراوە، کە ئەمانە هەموویان بەشێکن لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی بەهێز و تەندروست، بۆیە ئەوەی لە مێژووەوە فێری دەبین، دەبێ ببێتە هاندەرێک بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی باشتر.

‏هەروەها ئەم یادەش دەرفەتێکە بۆ ڕێزلێنان لە هەموو ئەو کەسانەی کە بە ڕێگە و شێوازی جۆراوجۆر خزمەتی کورد و کوردستانیان کردووە، کە گومان هەڵناگرێت هەر کەسێک بە لێهاتوویی و توانای خۆی دەتوانێت ببێتە بەشێک لە پرۆسەی پێشکەوتن،  بۆ وێنە، مامۆستا بە پەروەردەکردنی نەوەی نوێی زانکۆ و بە بەرهەمهێنانی نەوەیەکی زانستخواز و گەنج بە وزە و بیرۆکەی نوێ، لە پرۆسەی پێشکەوتن و خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا بەشدارە.

وێڕای ئەوانەش،‏ ئەرکی هەموو ئێمەیە پەند و وانە لەو ئەزموونانە وەربگرین بۆ داهاتوو بە یەکڕیزی و  ڕێزگرتن و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان، کە بنەمای گەشە و سەقامگیریی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنن.

‏لە یادی ١٦ی ئابدا، پەیامی سەرەکی دەبێ ئەوە بێت کە خۆشەویستیی کوردستان تەنیا بە قسە نابێت، بەڵکو پێویستە بە کار و خزمەتکردن بێت، هیوادارین ئەم بۆنەیە ببێتە هۆی پەرەپێدانی ڕۆحی ئاشتەوایی و بەرپرسیارێتیی زیاتر و خزمەتکردنی زێدەتر بە سەرجەم چینوتوێژەکانی کۆمەڵگە.