هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٦، بەبۆنەی ٨٠یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوکات لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، زنجیرەیەک ڕێوڕەسم و کۆبوونەوەی تایبەت لە ئۆرگانە جیاوازەکانی پارتی بەڕێوەچوون.
لە چوارچێوەی ئەم یادکردنەوانەدا، ڕێوڕەسمێکی شایستە لە بارەگای بەشی ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەیییەکان بە ئامادەبوونی ڕێبوار یەڵدا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەش، شیلان شێخ جەعفەر، بەرپرسی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، و بەرپرسی ھۆبە و بۆردەکان و کادیرانی بەش بەڕێوەچوو، لە وتارێکدا بەرپرسی بەش تیشکی خستە سەر مێژووی پڕ سەروەریی پارتی و قۆناغەکانی خەبات و بەرگریکردن لە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی ئەم ڕێبازە و ڕۆڵی گرنگی ڕێکخراوەکان لە پێشخستنی کۆمەڵگەدا.

ھاوکات بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەش، ئەندامان، میدیاکاران و کادیران ڕێوڕەسمێکی بەڕێوەبرد، کە تێیدا ئامادەبووان بەڵێنی وەفادارییان بۆ بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی بارزانی و درێژەدان بە خەبات لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکان دووپات کردەوە.

لە لایەکی ترەوە، لە بەشی دیراسات و پێگەیاندنی مەکتەبی سیاسی، کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتی ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەش سازکرا، کە تێیدا وێڕای ئاڕاستەکردنی پیرۆزبایی، تیشک خرایە سەر دیرۆکی دامەزراندنی پارتی و کورتەیەک لە خەباتی بێوەچانی حزب بۆ ئەندامان و کادیران خرایە ڕوو.
