Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە سنووری لقەکانی ٥، ١١، ١٦ و ١٧، یادی ١٦ی ئاب بە شکۆدارییەوە بەرز ڕاگیرا

هەولێر-KDP.info- بە بۆنەی هەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، بە ئامادەبوونی جەماوەر، لایەنە سیاسییەکان و کادیران، لە سنووری لقەکانی ٥ی بەغدا، ١١ی ڕاپەڕین، ١٦ی هەولێر و ١٧ی شنگال زنجیرەیەک چالاکی و مەڕاسیمی شایستە بەڕێوە چوون.

لقی ١٦ی هەولێر: سەردانی لێژنەی ناوچەی کۆیە و پێشوازیکردن لە لایەنە سیاسییەکان

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٦، ئاری نانەکەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ١٦ی هەولێری پارتی، هاوڕێ لەگەڵ دەستەی کارگێڕیی لق، سەردانی لیژنەی ناوچەی کۆیەی کرد و چاوی بە کادیران و ئەندامانی ناوچەکە کەوت. ئاری نانەکەلی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین، پیرۆزبایی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتیی لێ کردن. لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، بەرپرسی لق و هەڤاڵانی یاوەری پێشوازییان لە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی سنووری کۆیە و دەوروبەری کرد کە بە مەبەستی پیرۆزبایی سەردانی بارەگای لیژنەی ناوچەیان کردبوو.

لقی ٥ی بەغدا: کەرنەڤاڵێکی نیشتمانی و جەختکردنەوە لەسەر پێکەوەژیان

لە بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغدا، بە ئامادەبوونی ئازاد حمید شەفی، بەرپرسی لق، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، کادیران و ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی، ڕووناکبیری و ڕاگەیاندن، کەرنەڤاڵێکی شایستە ساز کرا. لە مەڕاسیمەکەدا، دوای وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و چڕینی سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب، ئامادەبووان یادی هەشت دەیە خەباتی پارتی و ڕۆڵی سەرۆک بارزانییان لە پاراستنی یەکڕیزی، دیالۆگ و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکانی عێراق بەرز نرخاند.

لقی ١١ی ڕاپەڕین: پێشوازیکردن لە جەماوەر و حزب و لایەنە سیاسیەکانی سنوورەکە

لە هۆڵی بارەگای لقی ١١، بە ئامادەبوونی کرمانج عزەت، بەرپرسی لق، کادیران، پێشمەرگە، ئەندامانی ئۆرگانەکان و فەرماندە سەربازییەکان مەڕاسیمێک بەڕێوە چوو. کرمانج عزەت لە وتەیەکدا پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی، خێزانی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان کرد. لە هەمان کاتدا، بە مەبەستی پیرۆزبایی، نوێنەرایەتیی ١٠ لایەنی سیاسی و دەزگای حکوومیی سنوورەکە (لەوانە: مەڵبەندی ٢٤ی یەکێتی، یەکگرتوو، سۆسیالیست، بزووتنەوەی ئیسلامی، گۆڕان، زەحمەتکێشان و پارتی نەتەوەیی) سەردانی بارەگای لقی ١١یان کرد و بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.

لقی ١٧ی شنگال: پێشکەشکردنی سمینار و دابەشکردنی بڕوانامە بەسەر کادیراندا

لە سنووری لقی ١٧ی شنگال، لە لایەن بەشی پێگەیاندن، ڕەوشەنبیری و ڕاگەیاندنی لقەوە ڕێوڕەسمێک ڕێک خرا. لە سەرەتادا نازم هەرکی، بەرپرسی لقی ١٧ سمینارێکی لەسەر گرنگیی ئەم بیرەوەرییە مێژوویییە پێشکەش کرد. لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا، درعی ڕێزلێنان بەخشرا بە بەرپرسانی ناوچەکانی (سیبا، زوممار، تلعەفەر، سەرهەڵدان، دیجلە) و مامۆستایانی خولەکە، هاوکات بڕوانامەی دەرچوون بەسەر ٧٠ کادیری بەشداربووی خولەکەدا دابەش کرا.