سلێمانی-KDP.info- بەبۆنەی ١٦ی ئاب یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، محەممەدی حاجی مەحموود سەردانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی کردوو لە وتەیەکیشدا ڕایگەیاند، دوای ٨٠ ساڵ پارتی ھێزێکی گەورە و کاریگەر و بەرچاوە، کاک مەسعود بارزانیش سەرکردەیەکی کاریزماو بەرچاوی کوردستان و ناوچەکەیە.
ئەمڕۆ ١٦ی ئاب عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - ھەڵەبجە - ڕاپەڕین پێشوازی کرد لە بەڕێز محەمەدی حاجی مەحموود سەرۆکی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و شاندێکی یاوەری کە بەمەبەستی پیرۆزبایی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - ھەڵەبجە - ڕاپەڕین یان کردبوو.
لە دیدارەکە وێڕای پیرۆزبایی محەمەدی حاجی مەحموود گوتی: ١٦ئاب ڕۆژێکی مێژووی و پڕشنگدارە لە بزافی ڕزگاریخوازی کوردستان دا، ھیوادارین ئەم یادە بێتە ھەوێنی یەکڕیزی و تەبای نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا جەخت لە پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کرایەوە.

لای خۆیەوە عەلی حوسێن سەردانەکەی بەرز نرخاند و سوپاس و پێزانینی خۆیی و ھەڤاڵانی ئاڕاستەی بەڕێز کاکە حەمە کرد و پەیوەندی نێوان ھەردوو حیزب بەمێژووی وەسفکرد و ئومێدی بەردەوامی ئەو پەیوەندیە بۆ نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان خواست.
دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژانامەنووسیدا، محەمەدی حاجی مەحموود گوتی: پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی و ئەندامانی پارتی دەکەم، پێش ٨٠ ساڵ کە پارتی دامەزرا سەرەتای ئەلف و بێی سیاسەت بوو، لە درووستکردنی ھەستی نەتەوەیی پارتی یەکەم حیزب بوو، بۆیە دوای ٨٠ ساڵ پارتی ھێزێکی گەورە و کاریگەر و بەرچاوە، کاک مەسعود بارزانیش سەرکردەیەکی کاریزەماو بەرچاوی کوردستان و ناوچەکەیە، ھیوادارم ئەم یادە بێتە ھەوێنی یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەکان و پێکھێنای حکوومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
