بەغدا-KDP. info- عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، بەبۆنەی 80ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی ئاب، عەمارحەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: دامەزراندنی پارتی وێستگەیەکی دیار بوو لە کاروانی ژیانی سیاسی و نیشتمانیی عێراقدا، لە ماوەی چەندین دەیەی خەباتیشیدا ئامادەییەکی کاریگەری هەبووە بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کوردستان و بەرگریکردن لە بەهاکانی ئازادی، دادپەروەری و بەهێزکردنی دیموکراسی.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمە لە پەیامەکەیدا هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ پارتی خواست لە کاروانی خزمەتکردنی هاوڵاتییان، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان. هاوکات ستایشی ڕۆڵی پارتی کرد لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی سیاسی و ڕێڕەوی دیموکراسی لە عێراق.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عەمار حەکیم جەختی لە پێویستی بەردەوامبوونی سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان کردەوە لەسەر بنەماکانی دیالۆگ، لێکتێگەیشتن و شەراکەت، وەک تاقە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی تەحەددییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری لە وڵاتدا.