Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی پیرۆزبایی نووری مالیکی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان

بەغدا-KDP. info-  بە بۆنەی 80ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی و لایەنگرانی پارتی دەکات و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیی دەخوازێت.

یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، پەیامێکی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد.

مالیکی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: " بە بۆنەی 16ـی ئابەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرکردایەتی، کادیران، ئەندامان و جەماوەری پارتی دەکەم، هیوای بەردەوامیی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم."

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە مێژووی پارتی کرد و گوتی: "لەم بۆنەیەدا، یادی مێژووی دوورودرێژی خەبات و بەرەنگاربوونەوەی رژێمی دیکتاتۆری لە لایەن پارتییەوە دەکەینەوە، لەگەڵ ئەو قوربانییە گەورانەی کە لە پێناو بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کورد و رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەکانی سەرکوتکاری و چەوساندنەوەی رژێم دژ بە رۆڵەکانی گەلەکەمان پێشکەشی کردووە."

هەروەها نووری مالیکی باسی لە قوربانیدانی گشتیی گەلی عێراق کرد و رایگەیاند: "بە هەمان شێوە، یادی قوربانییدانی رۆڵەکانی گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەکەینەوە لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریەت و، ئەو خەبات و قوربانییدانە هاوبەشەی کە کۆی کردنەوە بە مەبەستی بونیادنانی عێراقێکی دیموکراتی فیدراڵ کە مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت ول ئیرادە و کەرامەتیان پارێزراو بکات."

سەبارەت بە ئاییندەی سیاسی و پرۆسەی حوکمڕانی لە وڵاتدا، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە یادکلردنەوەی ئەم وێستگانەی مێژووی عێراق ببێتە هاندەرێک بۆ بەردەوامبوون لەسەر چەسپاندنی لێکگەیشتن و هاوبەشیی نیشتمانی، بەهێزکردنی یەکڕیزی و سەقامگیریی عێراق و، کارکردن بۆ بونیادنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی کە دادپەروەری و یەکسانی دابین بکات و مافی هەموو عێراقییەکان بپارێزێت.