سلێمانی-KDP.info- ڕۆژی ١٦ی ئاب، لە هۆڵی بۆنەکانی لقی ٢١ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، شێخ ستار عەواڵانی بەرپرسی لقی ٢١، هەڤاڵانی لق و ناوچەکان و جەماوەرێکی بەرچاو، یادی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی و لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی بە شکۆوە بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا، شێخ ستار عەواڵانی بەخێرهاتنی میوانانی کرد و ئاماژەی بە مێژووی پڕ لە سەروەریی پارتی کرد و ڕایگەیاند، "دەمانەوێت ئەم یادە بکەینە هەوێنی خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی."

سەبارەت بە قۆناغە مێژووییەکان، عەلی حوسێن لە وتارێکدا ڕوونی کردەوە کە پارتی لە سەردەمێکی ئاڵۆزدا بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر دامەزرا تا بێتە داینەمۆ و ئومێدبەخشی خەباتی رزگاریخوازیی کورد. ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە بە سیاسەتی ژیرانەی سەرۆک بارزانی، شۆڕشی ناوچەیی گۆڕدرا بۆ شۆڕشێکی سەرتاسەری و نەتەوەیی.
عەلی حوسێن سەبارەت بە پێگەی هەرێم و ئاڵەنگارییە هەرێمییەکان گوتی، "لە سەرئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی مامەڵەیەکی بەهادار لەگەڵ سەرۆک بارزانی و پارتی دەکرێت. لە ئاڵۆزی و جەنگەکانی ناوچەکەدا، پارتی توانیویەتی ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان بپارێزێت."
لە تەوەرێکی دیکەدا باسی لە خەباتی جەماوەریی سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین کرد و خەباتی خەڵکی ناوچەکەی لە پێناو ئازادیدا بەرز نرخاند.
لە پەراوێزی کەرنەڤاڵەکەدا، بەشێک لە کادیران و ئامادەبووان وەک بەخشندەیی و درێژەپێدانی پەیامی مرۆڤدۆستانەی پارتی، خوێنیان بە نەخۆشانی خوێن بەخشی، و لە کۆتاییشدا بە خوێندنەوەی پەخشان و هۆنراوە و بڕینی کێکی ٨٠ ساڵەی تەمەنی پارتی، مەراسیمەکە کۆتایی هات.
