Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی.. هەشتا ساڵ ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و بنیاتنانی قەوارەی دەستووری

عه‌بدولسه‌لام به‌رواری

لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦دا پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و ئەمساڵ هەشتا ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەم پارتەدا تێدەپەڕێت. ئەم بۆنەیە تەنیا یادەوەریی دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نییە، بەڵکوو دەرفەتێکە بۆ خوێندنەوەی ئەزموونێک کە لە سەرەتاوە بە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و پەرەسەندنی پرسی کوردستان لە عێراقدا گرێدراوە.

پارتی لە سەردەمێکدا دامەزرا کە کورد پێشتر چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین و بەرخودانی ئەنجامدابوو و قوربانیی زۆری دابوو، بەڵام زۆربەی ئەو هەوڵانە بە بارودۆخی تایبەت، ڕێبەر و ناوچەی خۆیانەوە بەستراو بوون. هەمیشە ئەو دامەزراوە سیاسییە نەبوو کە بتوانێت تواناکانی بزووتنەوەکە ڕێکبخات، ئامانجەکانی بکاتە بەرنامەیەکی بەردەوام و دەنگی گەلەکە بگەیەنێتە ناوچە و جیهان.

لێرەدایە گرنگیی مێژوویی ڕۆڵی بارزانیی نەمر لە دامەزراندنی پارتیدا دەردەکەوێت. بارزانی لە ئەزموونی ڕاستەوخۆی خەباتی کوردەوە گەیشتبووە ئەو باوەڕەی کە هەر بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی، پێویستی بە ڕێکخراوێکی سیاسی هەیە، ڕێکخراوێک کە یەکڕیزی بپارێزێت و ئامانجەکان ڕوون بکاتەوە، بە سیاسی و دیپلۆماسی بەرگری لە مافەکانی گەل بکات و ئەو ستەم و بێمافییەی بەسەر کورددا هاتووە بە جیهان بناسێنێت.

لە دیدی بارزانیدا پارتی جێگرەوەی شۆڕش نەبوو، هەروەها شۆڕشیش جێگرەوەی سیاسەت نەبوو. هەردووکیان بەشێک بوون لە هەمان پڕۆژە. کاتێک دەرگای چارەسەری سیاسی دادەخرێت، بەرگری لە ماف دەبێتە پێویستی، بەڵام کاتێک دەرگای گفتوگۆ دەکرێتەوە، پێویستە ڕێبەرایەتییەکی سیاسی هەبێت کە دەرئەنجامی خەبات بگۆڕێت بۆ ڕێککەوتن، دامەزراوە و دەستکەوتی پارێزراو.

سێ بنەمای سەرەکیی بیری سیاسیی پارتی

بنەما هزری و سیاسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە یەک قوتابخانەی ئایدیۆلۆژییەوە نەبەستراون، بەڵکوو لە بنەڕەتدا، دەتوانرێت سێ سەرچاوەی سەرەکی بۆ دیاری بکرێت.

یەکەمیان ڕێبازی بارزانە. ئەم ڕێبازە کۆمەڵێک بەهای کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و نیشتمانی لەخۆگرتبوو، لەوانە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ڕەتکردنەوەی زوڵم، ڕێزگرتن لە ژن و پێگەی لە کۆمەڵگه‌دا، پاراستنی لاواز، پێکەوەژیانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و هەروەها گرنگیدان بە سروشت و ژینگە.

لەناو هەموو ئەمانەشدا، باوەڕ بە مافەکانی نەتەوەی کورد و مافی ژیان بە ئازادی و سەربەرزی، ناوەڕۆکی سەرەکی ئەم ڕێبازە بوو.

دووەم، ئامانج و ناوەڕۆکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بوو. پارتی میراتگری مێژوویەکی درێژ لە داواکاری، شۆڕش و ئەزموونی سیاسی بوو و هەوڵیدا ئەو میراتە لە چوارچێوەیەکی سیاسیی ڕوونتر و بەردەوامتردا ڕێک بخات.

لەبەر ئەوە مافی نەتەوەیی، ناساندنی سیاسی، ئۆتۆنۆمی، یەکڕیزیی ناوخۆ و دروستکردنی پەیوەندییەکی دادپەروەرانە لە نێوان کوردستان و دەوڵەتی عێراقدا، لە سەرەتاوە جێگای تایبەتیان لە بەرنامەی پارتیدا هەبوو.

سێیەم، هەندێک بیر و ئەزموونی سیاسیی جیهانی بوون کە کاریگەرییان لەسەر قۆناغی دامەزراندن هەبوو، بە تایبەتی بیرۆکەکانی سیاسەتمەداری بولگاری گێئۆرگی دیمیتڕۆف سەبارەت بە بەرەی نیشتمانیی فراوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نازیزم و فاشیزم. ناوەڕۆکی ئەو بیرۆکەیە ئەوە بوو کە هێز و چینوتوێژە جیاوازەکان لە دەوری ئامانجێکی نیشتمانیی هاوبەش کۆبکرێنەوە، نەک بزووتنەوەکە لە ناو بازنەی ئایدیۆلۆژییەکی داخراو یان چینێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراودا بمێنێتەوە.

کاریگەریی ئەم تێڕوانینە لە بیری بارزانیی نەمردا دیارە، بە تایبەتی لە وتارەکەی باکۆ لە ساڵی ١٩٤٨، هەروەها لە پڕۆگرامی پارتی و هەوڵی بۆ کۆکردنەوەی چینوتوێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگه‌. بەمەش پارتی نەبووە ڕێکخراوێکی چینایەتی یان عەقیدەیی داخراو، بەڵکوو خۆی وەک بزووتنەوەیەکی نیشتمانیی کوردستانیی فراوان پاراست.

دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان

پارتی زوو تێگەیشت کە چارەسەری پرسی کورد بە سروشتی سیستەمی سیاسیی عێراقەوە بەستراوە. دروشمی (دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان) هەڵگری ئەو تێگەیشتنە بوو کە مافەکانی کورد لەژێر سایەی دەوڵەتێکی ناوەندگەرای ستەمکاردا ناتوانرێت بە شێوەیەکی جێگیر بپارێزرێن.

لەو دیدەوە دیموکراسی داواکارییەکی عێراقیی جیا لە پرسی کورد نەبوو، بەڵکوو لای پارتی تەنیا گەرەنتی دابینکردن و چەسپاندی مافەکانی کوردستانە. بۆیە پارتی، تەنانەت لەو قۆناغانەشدا کە خەباتی چەکداریی ڕێبەری دەکرد، دەرگای چارەسەری ئاشتییانەی دانەدەخست.

شۆڕشی ئەیلوولی ١٩٦١ دیارترین نموونەی ئەم ڕێبازە بوو. شۆڕش ساڵانێک بەردەوام بوو، بەڵام جەنگ خۆی ئامانج نەبوو. کاتێک هەلی گفتوگۆ هاتە پێشەوە، گەیشتە ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ و بنەمای ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان پەسەند کرا. بەم پێیە شۆڕش لە ڕووی تیۆری و سیاسییەوەش بێت، گەیشتە ئامانجە سەرەکییەکەی، هەرچەندە حکوومەتی عێراق دواتر لە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنەکە پاشگەز بووەوە.

لە کوردییەوە بۆ کوردستانی

یەکێک لە گرنگترین خاڵە فیکرییەکانی مێژووی پارتی، گۆڕینی ناوی بوو لە کۆنگرەی سێیەمدا لە ساڵی ١٩٥٣، کە بە دید و خواستی بارزانیی نەمر، ناوی پارتی دیموکراتی کوردی گۆڕا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەم گۆڕانە تەنیا گۆڕینی وشە نەبوو. «کوردی» زیاتر پەیوەندی بە ناسنامەی نەتەوەییەوە هەیە، بەڵام «کوردستانی» نیشتمان و جوگرافیایەکی سیاسیی هاوبەش لەخۆدەگرێت.

بەم شێوەیە پارتی لە بنەمای پرسی نەتەوەی کوردەوە دەستیپێدەکرد، بەڵام کوردستانی بە نیشتمانی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دەزانی. ئەم تێڕوانینە لەگەڵ ڕێبازی بارزانی لە پێکەوەژیان و بیرۆکەی بەرەی نیشتمانیی فراوان یەکدەگرێتەوە و چوارچێوەیەکی سیاسیی فراوانتر لە ناسنامەی تەنیا نەتەوەیی بۆ پارتی دروست دەکات.

پووچەڵکردنەوەی پیلانەکان بەخێرا هەستانەوە

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامیی پارتی لە ماوەی هەشتا ساڵدا، توانای بووە بۆ هەستانەوە و گرتنەوەی دەستپێشخەری دوای هەر نسکۆ و قەیرانێکی گەورە. کاتێک ڕێککەوتنی جەزائیر لە ٦ی ئاداری ١٩٧٥ واژوو کرا، زۆر کەس پێیان وابوو بزووتنەوەی کورد کۆتایی پێهاتووە. بەڵام ماوەیەکی زۆر ی نەخایاند تا شۆڕشی ٢٥ی گوڵانی ١٩٧٦ هەڵگیرسا و بەردەوامیی خەباتی کوردستانی ڕاگەیاند.

لەو قۆناغەدا ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی و نەمر ئیدریس بارزانی لە ڕێکخستنەوەی پارتی و بزووتنەوەکەدا بەرچاو بوو. ئیدریس بارزانی بە تایبەتی لە کاری سیاسی و دیپلۆماسی و نزیککردنەوەی هێزە کوردستانییەکاندا ڕۆڵێکی گرنگی بینی، هەمان ڕێچکەیەک کە دواتر یارمەتیدەر بوو بۆ دامەزراندنی بەرەی کوردستانی.

سەرۆک مەسعود بارزانی لە ساڵی ١٩٧٩ەوە بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرا و لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان قۆناغێکی نوێی ڕێبەری کرد کە بە ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ گەیشتە لووتکە. ئەو ڕاپەڕینە ڕێگای بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ١٩٩٢ و دامەزراندنی ئیدارەیەکی هەڵبژێردراوی کوردستان خۆش کرد. لەوێوە پارتی بە هێواشی لە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازییەوە چووە قۆناغی بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی قەوارە و دامەزراوە سیاسییەکان، ئەرکێک کە لە بنەڕەتدا لە ڕێبەرایەتیی شۆڕش جیاوازە.

لە ئیدارەی کوردستانەوە بۆ هەرێمێکی دەستووری

ساڵی ٢٠٠٥ خاڵێکی وەرچەرخانی دیکەی مێژوویی بوو، کاتێک دەستووری فیدڕاڵی عێراق بە فەرمی دانی بە هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی دانا. سەرۆک مەسعود بارزانی ڕۆڵێکی سەرەکی لە چەسپاندنی سیستەمی فیدڕاڵی و دەستووریکردنی ئەو دەستکەوتانە هەبوو کە لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ەوە بەدەستهاتبوون.

لەو کاتەوە پارتی بووە یەکێک لە ستوونە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی هەرێم و بەرگری لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی، لە هەمان کاتدا بەردەوام بووە لە داواکردنی جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوورییانەی هێشتا بە تەواوی جێبەجێ نەکراون.

ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی یەکێکە لە دیارترین نوێنەرانی قوتابخانەی سیاسی و دیپلۆماسیی پارتی، چ لە پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و چ لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و جیهان. لە هەمان کاتدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی ڕێبەرایەتیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەکات لە قۆناغێکدا کە ئابووری، کارگێڕی، ئاسایش، گەشەپێدان و نوێکردنەوەی دامەزراوەکان بوونەتە بەشێکی سەرەکی لە ئەرکەکانی حکمڕانی.

ئەم گۆڕانە پیشان دەدات کە پارتی توانیویەتی لە ڕێکخراوێکی ڕێبەرایەتیی شۆڕشەوە بگۆڕێت بۆ هێزێکی سیاسی کە بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان و مامەڵە لەگەڵ ئابووری، وزە، وەبەرهێنان و پەیوەندییە دەرەکییەکان لە ئەستۆ بگرێت.

قورسایی جەماوەری و دیپلۆماسی

لەگەڵ ئەوەی هەشتا ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتیدا تێپەڕیوە، هێشتا پارتی دیموکراتی کوردستان گەورەترین هێزی سیاسییە لە نێو دەنگدەراندا لە هەرێمی کوردستان و لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا پێگەی یەکەمی خۆی پاراستووە. هەروەها لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بە گەورەترین پارتی کوردی لە ڕووی نوێنەرایەتییەوە ماوەتەوە.

لە تەنیشت ئەم قورساییە جەماوەرییە، پارتی ئاستێکی بەرزی لە کاری دیپلۆماسی پەرەپێداوە و ئەمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە کارکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە. ڕێبەرایەتیی کوردستان توانیویەتی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندی لەگەڵ پایتەخت و ناوەندە سیاسییەکانی ناوچە و جیهان دروست بکات و هەرێمیش پێگەیەکی دەرەکیی بەدەستهێناوە کە لە قەبارەی جوگرافی و دانیشتووانی زیاترە.

ئەم دیپلۆماسییەش لە بنەڕەتدا بە هەمان بیرۆکەیەوە دەگەڕێتەوە کە مستەفا بارزانی لە سەرەتادا پێی باوەڕ بوو: مافی گەل پێویستی بە کەسانێک هەیە لە ناوخۆ بەرگریی لێ بکەن و لە دەرەوەش بە جیهانی بناسێنن.

پێویستییەکی مێژوویی کە پێویستی بە نوێبوونەوە هەیە

دوای هەشتا ساڵ، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامیی پێویستی بە پارتی دیموکراتی کوردستان هێشتا لە ئارادایە: هەموو ئامانجەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان هێشتا بە تەواوی نەهاتوونەتە دی. دەستکەوتی زۆر بەدەستهاتووە، هەرێمێکی دەستووری، پەرلەمان، حکوومەت، سەرۆکایەتی، دامەزراوە و پەیوەندیی نێودەوڵەتی هەن، بەڵام هێشتا پرسی جێبەجێکردنی دەستوور، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، مافە دارایییەکان، دەسەڵاتەکانی هەرێم و تەواوکردنی بنیاتنانی سیستەمی فیدڕاڵی چارەسەر نەکراون. لەم دیدەوە، پارتی هێشتا پێویستییەکی مێژوویی و سیاسییە، بەڵام بەردەوامیی ئەم پێویستییە بە توانای پارتی بۆ نوێبوونەوەش بەستراوە.

ئاڵنگارییەکانی داهاتوو دووبارەکردنەوەی ئاڵنگارییەکانی چلەکان، شەستەکان یان نەوەدەکان نابن. نەوەی نوێ، گۆڕانکاریی ئابووری و تەکنەلۆژی، چاکسازیی کارگێڕی، شەفافیەت، ژینگە، وزە و پەیوەندییە ناوچەییەکان شێوازی نوێی بیرکردنەوە و کارکردن داوا دەکەن. نهێنیی سەرکەوتنی پارتی لە ماوەی هەشتا ساڵدا ئەوە بووە کە توانیویەتی خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێنێت، بەبێ ئەوەی لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی دەست هەڵبگرێت، ڕەنگە ئەمە گرنگترین وانەی یادی هەشتا ساڵە بێت.

ئەمڕۆش، وەک ڕۆژی دامەزراندنی، بوونی پارتی و ڕۆڵە سەرەکییەکەی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، پێویستییەکی مێژووییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەرکەکانی قۆناغ وەک: پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان، پارێزگاری لە دەستکەوتەکان، تەواوکردنی ئەو ئامانجانەی هێشتا بەدینەهاتوون و بەکارهێنانی ئەو ئامرازانەی کە بتوانن لەگەڵ داهاتوو هەنگاو بنێن، هەروەک پارتی لە هەر قۆناغێکی ڕابردوودا توانیویەتی خۆی لەگەڵ مەرج و پێداویستییەکانی سەردەمدا بگونجێنێت.