Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی قوتابخانەی پێگەیاندنی تاکی نیشتماندۆست و خاوەن ئیرادە

لیزا فەلەکەدین کاکەیی

پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساتەوەختی دامەزراندنییەوە لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ تا بەمڕۆ دەگات، تەنیا ڕێکخستنێکی سیاسی یان حزبێکی ئاسایی نەبووە، بەڵکوو وەک ناوەندێکی نیشتمانیی فرەڕەهەند، هەشت دەیەی تەمەنی تەرخان کردووە بۆ پاراستنی جەوهەری کوردبوون و گواستنەوەی بەها بەرزەکانی ئازادی، دیموکراسی و پێکەوەژیان بۆ نەوە دوای نەوەی ئەم خاکە.

لە درێژایی ئەم هەشتا ساڵەدا پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک مەشخەڵدانێکی هزری و شۆڕشگێڕی، هەمیشە کاری لەسەر بنیاتنان و پێگەیاندنی تاکی نیشتماندۆست و خاوەن ئیرادە کردووە، تا توانیویەتی هێڵە گشتییەکانی ناسنامەی نەتەوەییمان لە ژێر هەڕەشەی سڕینەوە بپارێزێت و کەسایەتیی کوردی بەرەو شکۆ و خۆنەچەماندن ئاراستە بکات.

لەم یادە پڕ لە سەروەرییەدا، بە حورمەت و شانازییەکی بێسنوورەوە، سەر بۆ یادی پیرۆزی تەواوی ئەو تێکۆشەر، خەباتکار و ڕێبوارانە دادەنەوێنین کە ڕۆژگارێک تەمەن و ژیانیان کردە بەخشین بۆ سەرکەوتنی پڕۆژە و ستراتیژییە نیشتمانییەکەی پارتیمان. هاوکات سڵاو و ڕێز بۆ خۆڕاگریی بێپچڕانی جەماوەر، دەنگدەران، ئەندامان و کادیرە دڵسۆزەکانمان کە سەنگەری پاراستنی ئەم کاروانەن.

هەشتا ساڵ بڕوای نەبەزیو لە ناو ناخی زریانەکاندا، هەشتا ساڵ خزمەتی بێوچان و هەشتا ساڵ خەباتی سەربەرزانە لە جەنابی سەرۆک بارزانی، سەرکردایەتی، هەڤاڵان و تەواوی گەلی کوردستان پیرۆز بێت.