ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پرسە و ھاوخەمی بۆ کۆچی دواییی مەحموود سەیف قازی، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و کوڕی شەھید ژەنەراڵ محەممەد حوسێن خانی سەیف قازی ڕادەگەیەنێت.
دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
بۆ کۆچی دواییی خوالێخۆشبوو مەحموود سەیف قازی، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و کوڕی شەھید ژەنەراڵ محەممەد حوسێن خانی سەیف قازی، وەزیری جەنگ لە حکوومەتی کۆماری کوردستان، پرسە و ھاوخەمیی قووڵم ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و تەواوی کەسوکاریان دەکەم.
بنەماڵەی تێکۆشەری سەیف قازی بە مێژووی پڕ لە سەروەری و قوربانیدان و تێکۆشانیان لەپێناو ئازادیی کورد و کوردستاندا، ھەمیشە جێگەی ڕێز و پێزانینی زۆری گەلی کوردستانن.
لە خوای مەزن داواکارم گیانی خوالێخۆشبوو بە بەزەیی و میھرەبانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە ھەمووان ببەخشێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
١٥-٨-٢٠٢٦