Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مانەوەی پارتی لە لوتکەی هێزدا

هەژێن لوقمان

لە ١٦ی ئابی پڕ لە شکۆ و سەربەرزیدا، بە بۆنەی تێپەڕبوونی هەشت دەیە بەسەر تەمەنی پڕ لە سەروەریی پارتیمان، گەرمترین و قووڵترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی، هەردوو جێگرانی بەڕێزی، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و تەواوی کادیر، ئەندام و لایەنگرانی ئەم ڕێبازە پیرۆزە دەکەم.

١٦ی ئابی ١٩٤٦، تەنیا دامەزراندنی چوارچێوەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو بەدیهاتنی شۆڕشێکی فکری، نەتەوەیی و ڕزگاریخوازانە بوو لە دژوارترین و تاریکترین قۆناغی مێژووی نەتەوەکەماندا. پارتی دیموکراتی کوردستان ٨٠ ساڵە بەبێ وەستان و دابڕان، بەردەوام بووە لە خەبات، تێکۆشان و قوربانیدان لە پێناو پاراستنی کەرامەت و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد.

مانەوەی پارتی لە لوتکەی هێز، ئیرادە و سەنگی سیاسیی ناوچەکەدا، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتێکی حەکیمانە، دیدگایەکی ڕوونی ستراتیجی و توانای بێوێنەی هاوسەنگکردنی هاوکێشە ئاڵۆزەکان بووە لە هەموو قۆناغە سەختەکاندا. پارتی دیموکراتی کوردستان توانیویەتی ببێتە نوێنەری ڕاستەقینەی دۆزی دەستووریی گەلەکەمان و وەک هێزێکی کاریگەر و جێی متمانەی بڕیاردەرانی جیهان، دەنگی ڕەسەن و ڕەوای کوردستان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەیەنێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای دروستبوونیەوە لەسەر دەستی بارزانیی نەمر، باوەڕێکی نەژاکاو و قووڵی بە بەهاکانی مافی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە پێگە و تواناکانی ئافرەت هەبووە. ئەم ڕێبازە پیرۆزە، هەمیشە ئافرەتی وەک پایەیەکی سەرەکیی کۆمەڵگە و هەوێنی سەرکەوتنی شۆڕش بینیوە، چونکە خاوەن ئەم فکرە بڕوای وابووە کە هیچ بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بەبێ بەشداریی ڕاستەقینە، سەنگین و کاریگەریی ئافرەتان ناگاتە کەناری ئارامی.

مێژوو خۆی گەواهی دەدات کە لە سایەی ئەم دیدگا پێشکەوتنخوازەدا، ئافرەتی کورد تەنیا بینەر و چاوەڕوانی بەخشینی مافەکانی نەبووە، بەڵکو لە ناو جەرگەی شۆڕش، خەباتی پارتیزانانە، کاری ڕێکخراوەیی و ئاوەدانکردنەوەدا، شانبەشانی پیاوان مەیدانەکەی ڕازاندووەتەوە و ڕێز لە مێژووی قوربانیدان و توانای بێسنووری گیراوە.

لەم یادە پیرۆزەی ٨٠ ساڵەدا، بەڵێنی وەفاداری دووپات دەکەینەوە کە لەسەر ئەم ڕێبازە بەرزە، بەردەوام دەبین لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری کوردستان و قووڵکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی. بەو ئاواتەی پارتە ئازادیخوازەکەمان هەمیشە لە لووتکەی سەروەریدا بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان، چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، و داڕشتنی ئایندەیەکی گەشتر بۆ مافەکانی ئافرەتان و فەراهەمکردنی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی هاووڵاتییان.

درود و سڵاو بۆ گیانی پاکی دانەرانی بەردی بناغەی ئەم ڕێبازە، بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەردەم لەیاد، و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و سەربەخۆییی کوردستان.

 

بەرپەرسی ناوەندی سلێمانیی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان