Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

١٦ی ئاب، مانەوەی کوردستانی کردە دەستکەوت و سەروەریی کردە ئامانج

د. حەمدی شنگالی

16ـی ئاب لە مێژووی سیاسیی ئێمەدا، تەنها وێستگەی دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نییە، بەڵکو خاڵی گۆڕینی "کۆنتێکستی" خەباتی کورد بوو لە پەرتەوازەیی ناوچەییەوە بۆ بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی سەرتاسەری. پێش ئەم مێژووە، ناسنامەی سیاسیی کورد لە ژێر هەڕەشەی سڕینەوەیەکی جەستەیی و کولتووریدا بوو، بەڵام ئەم وەرچەرخانە توانی فۆرمێکی نوێ بە ئیرادەی تاکی کورد ببەخشێت و دۆزی گەلەکەمان لە چوارچێوەی کاردانەوەی کاتییەوە بگۆڕێت بۆ پڕۆژەیەکی ستراتیژیی درێژخایەن کە تێیدا مانەوە بوو بە دەستکەوت و سەروەری بوو بە ئامانج.

هاوکاتبوونی ئەم یادە لەگەڵ لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، مانا فەلسەفییەکەی قووڵتر دەکاتەوە، چونکە تەمەنی سەرۆک بارزانی ئاوێنەی تەواوی ئەو هەوراز و نشێوانەیە کە دۆزی کورد تێیپەڕاندووە. لەدایکبوونی سەرکردەیەک لە ناو جەرگەی شۆڕش و لە ژێر ئاڵای کۆماردا، پەیامی بەردەوامیی ئەو ڕێبازە بوو کە هیچ کات لەسەر شکۆی نەتەوەیی سازشی نەکردووە. 

ئەمڕۆ کە سەیری نەخشەی سیاسیی ناوچەکە دەکەین، تێدەگەین کە 16ـی ئاب بناغەی ئەو قەڵا پتەوەی داڕشت کە بووە گەرەنتیی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ناسنامەی نەتەوەییمان.