Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرپرسی لقی 2ـی هەولێر بۆ KDP.info: هەزاران ئەندامی نوێ دێنە نێو ڕیزەکانی پارتی

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی 2ـی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەیانی لە ساڵیادی 16ـی ئابدا، لە سنووری لقی 2، بە ئاماددەبوونی بەرپرسان و کادیران و هەڤاڵانی پارتی، لە مەراسیمێکی شکۆدار، هەزاران ئەندامی نوێ دێنە نێو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و شەرەفی ئەندامێتییان پێ دەبەخشرێت."

د. زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی 2 تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "سبەی ڕێکەوتی 16ـی ئابی 2026، لە یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتییماندا و هاوکات یادی لەدایکبوونی سەرۆک و ڕابەرمان جەنابی سەرۆک بارزانی، 2160 کەس لە سنووری لقی 2 پلەی شەرەفی ئەندامێتییان لەنێو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا پێدەدرێت."

د. زانا مەلا خالید، هەر لە ڕێی ماڵپەڕی فەرمیی KDP.infoـەوە پەیامی بەخێرهاتن و پیرۆزبایی گەیاندە ئەندامه نوێیەکان و گوتی، "پیرۆزبایی لەو هەڤاڵانە دەکەین و پەیاممان ئەوەیە ڕاسپاردەکانی جەنابی سەرۆک کە هەردەم جەخت لەوە دەکاتەوە (پارتی ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان) بکەنە کارنامەی ژیانی ڕێکخراوەیی و سیاسی خۆیان، هاوکات لەیادی نەکەن پارتیبوون و خزمەتی خەڵک دووانەیەکی لێکدانەبڕاون. 

ناوبرا لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە، "پارتی دیموکراتی کوردستان هەردەم پشتئەستوورە بەو جەماوەرە دڵسۆزەی، کە متمانەی هەمیشەییان بە پارتی دیموکراتی کوردستان کردووەته کارنامە بۆ بەردەوامییدان بە حوکمڕانی و خزمەتی پارتی. پیرۆزباییان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو ئەو هەڤاڵانە دەخوازین."

 

ئەژین غەفار