Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

١٦ی ئاب.. هەشت دەیە لە ئیرادەی نەبەزین و نەخشاندنی داهاتوو

نارین عەبدولقادر

هەندێک ڕێکەوت تەنیا لە ڕۆژژمێردا تۆمار نابن، بەڵکو لە ویژدان و بیرەوەریی جەماوەری نەتەوەیەکدا جێگای خۆیان دەکەنەوە. ١٦ی ئاب یەکێکە لەو ڕێکەوتە وەرچەرخانانەی کە لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا تەنیا بە ساڵ و ڕۆژ ناسراو نییە، بەڵکو بە فکری ڕزگاریخوازی، خەباتی سەربەخۆیی و بنەمای دامەزراوەسازییەوە گرێدراوە.

لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦دا، پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دەستی ژەنەڕاڵ (مستەفا بارزانی) دامەزرا، لە سەردەمێکدا کە کورد لە ناوچەکەدا بەدوای ڕێگەیەکی سیاسی و ڕێکخراو بۆ دەربڕینی خواست و مافە نەتەوەییەکانی خۆیدا دەگەڕا. ئەو ڕۆژە تەنیا دەستپێکی حزبێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو گواستنەوەی ئیرادە و هۆشیاریی نەتەوەیی بوو بۆ ناو چوارچێوەی دامەزراوەیی و ڕێکخستنی سیاسی.

ئەمڕۆ کە یادکردنەوەی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتییە، گرنگیی ئەم ڕێکەوتە لەوەدا دەبینرێتەوە کە بەدرێژایی هەشت دەیە، ئەم ڕێکخراوە توانیویەتی ببێتە چەق و پشتیوانی سەرەکیی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی. مێژووی ئەم ٨٠ ساڵە ڕێگەیەکی ئاسان نەبووە، کوردستان بەردەوام لە نێوان ئاڵۆزییە سیاسی، سەربازی و جیۆپۆلەتیکییەکاندا بووە، بەڵام لە ناو ئەو بارودۆخە گۆڕاوانەدا، پارتی بە قۆناغە جیاوازەکاندا تێپەڕیوە و ئەزموونی سیاسیی خۆی لەسەر بنەمای خۆڕاگری و نوێبوونەوە فراوانتر کردووە.

لە پشت هەشت دەیە لە خەبات و پاراستنی دەستکەوتەکاندا، ڕێبازێکی بەهێز و فکرێکی نەمر وەستاوە، کە ئەویش بارزانیی نەمرە، ڕێبەرێک کە باوەڕ و هەڵوێستی سیاسیی کردە هەوێنی شۆڕش و بەردی بناغەی پڕۆسەی ڕزگاریخوازیی کوردستان.

تێپەڕبوونی ٨٠ ساڵ، لە دوو ڕوانگەی سەرەکییەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، لە ڕوانگەی ڕابردووەوە، یادەوەریی ٨٠ ساڵ لە سەروەری، قوربانیدان، خەباتی پارتیزانانە و پاراستنی کیانی نەتەوەییە لە بەرامبەر زۆرداریی هەرێمیدا.

لە ڕوانگەی داهاتوو، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەم میراتە مێژووییە چۆن دەپارێزرێت و دەکرێتە هەوێنی گەشەپێدان؟

چونکە میراتی سیاسی تەنیا ناو و مێژوو نییە، بەڵکو ئەزموونی دامەزراوەسازی، دروستکردنی متمانەی کۆمەڵگە و گۆڕینی ئامانجە نیشتمانییەکانە بۆ پڕۆژەی کرداری. لە کوردستانی ئەمڕۆدا، کە هاوکێشە ناوچەیی و تەکنەلۆژییەکان بە خێرایی دەگۆڕێن، خوێندنەوەی مێژوو پێویستییەکی ستراتیجییە بۆ وەرگرتنی وانە و ڕوانین بۆ داهاتوو.

لە ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتیدا، پێویستە مانا و قووڵیی وشەی (خەبات) نوێ بێتەوە. خەبات تەنیا لە مەیدانی جەنگدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە دامەزراوەسازی، پەروەردە، ڕۆشنبیری، میدیا، خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پاراستنی سەروەریی خاکی کوردستاندا ڕەنگ دەداتەوە.

دواجار، بەردەوامبوون لەسەر ڕێگە بۆ ماوەی ٨٠ ساڵ، بەڵگەی توانای نوێبوونەوە، گونجان لەگەڵ سەردەم و دەستگرتنە بە بنەما نەگۆڕە نەتەوەییەکان. لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ەوە تا ئەمڕۆ، نەخشەی سیاسی و نەوەکان گۆڕاون، بەڵام ئەوەی وەکو شاخەکان بەنەمر دەمێنێتەوە، ڕێباز و ئەزموونی خەباتە کە ئەمڕۆش بە سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی بەرەو داهاتوویەکی گەشتر هەنگاو دەنێت.