Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەت بۆ KDP.info: کارەساتی ئەشکەوتی دەکان بەرز ڕادەگیرێت و مۆنۆمێنتێکی بۆ دروست دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان گوتی، ڕۆژی سێشەممەی ھەفتەی داھاتوو یادی تاوانی کۆمەڵکوژیی ئەشکەوتی دەکان بەرز ڕادەگیرێت، ھاوکات ڕاشیگەیاند کە پڕۆژەی دروستکردنی مۆنۆمێنتێک لە شوێنی ڕووداوەکە جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەوەی تاوانەکە بە زیندویی بمێنێتەوە.

د. ناڤسەر نووری، بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، تاوانی ئەشکەوتی دەکان لە ساڵی ١٩٦٩ و لە سەرەتای دەسەڵاتی بەعسدا لە سنووری شێخان ئەنجام درا. ناوبراو ڕوونی کردەوە کە ڕژێمی ئەوکاتی عێراق ھەرکاتێک لە بەرامبەر ھێزی پێشمەرگە تووشی شکست ببووایە، تۆڵەی لە خەڵکی سڤیل دەستەندەوە، بۆیە ئەم تاوانەش بە ھەموو پێوەرێک جینۆساید و تاوانی جەنگە، چونکە ژمارەیەکی بەرچاو لە ژن، منداڵ و ھاووڵاتیی سڤیل تێیدا بە شێوەیەکی دڕندانە شەھید کران.

بریکاری وەزارەتی شەھیدان ئاماژەی بەوەش دا، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدان و شەرمەزارکردنی تاوانەکە، ھەفتەی داھاتوو ڕۆژی سێشەممە یادی ئەو کارەساتە جەرگبڕە دەکرێتەوە. ھەروەھا گوتیشی، لەلایەن ئیدارەی خۆجێیی شێخان و پارێزگای دھۆکەوە پڕۆژەی ئامادەکردنی مۆنۆمێنتێک داڕێژراوە تاوەکو تاوانی ئەشکەوتی دەکان بەردەوام بە خەڵکی کوردستان و جیھان بناسێندرێت.

د. ناڤسەر نووری جەختی کردەوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پارێزگای دھۆک، بەردی بناغەی مۆنۆمێنتەکە دادەنرێت. دەشڵێت، دانیشتووانی ئەو سنوورە لە سەردەمی شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵاندا خزمەتێکی زۆری پێشمەرگەیان کردووە و تەواوی پێکھاتەکانی کورد، کریستیان، ئێزدی و عەرەبە خۆجێییەکان ڕۆڵیان لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ناوچەکەدا ھەبووە.

شایەنی باسە، لە ١٨ی ئابی ١٩٦٩دا، ھێزەکانی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق ھێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر دەڤەری شێخان و خەڵکی گوندی دەکان لە ترسی پەلامارەکان پەنایان بردە بەر ئەشکەوتێکی نزیک گوندەکەیان، بەڵام سوپای عێراق ئاگری لە دەرگای ئەشکەوتەکە بەردا و لە ئەنجامدا نزیکەی ٧٥ ژن، منداڵ و کەسی بەتەمەن خنکان و شەھید بوون.

 

قائید میرۆ