Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فراکسیۆنی پارتی و وەزارەتی شەهیدان داواکارییەکانی کەسوکاری شەهیدانیان تاوتوێ کرد

​هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە سەردانێکیان بۆ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کۆمەڵێک پێشنیاز و داواکاریی کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاییان گەیاندووەتە وەزیری کاروباری شەهیدان و ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانجیان بەدیهێنانی تەواوی مافە ڕەواکانی ئەو چینە شایستەیەی کۆمەڵگەیە.

​سەمیرە حەسەن هیرانی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ڕۆژی سێشەممە، بە یاوەری هەڤاڵانمان لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەردانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانمان کرد و لەلایەن عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێشوازیما لێکرا.

​سەمیرە هیرانی گوتیشی، "لە دیدارەکەدا بە وردی تیشکمان خستە سەر ژمارەیەک لە پێشنیاز و داواکارییە گرنگەکانی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، و لەسەر ئەو بابەتانە گفتوگۆیەکی گرنگ و بەسوودمان ئەنجام دا.

​هیرانی جەختیشی لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگییەکان کردەوە و گوتی، "هیوادارین بە هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان پەرلەمان و وەزارەت، بتوانین هەنگاوی بەکردار و زیاتر بنێین بۆ پاراستن و بەدیهێنانی تەواوی ماف و داواکارییە ڕەواکانی ئەم چینە شایستە و خاوەن مێژوو و قوربانیدەرەی گەلەکەمان.