Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی بۆرد بۆ KDP.info: وتاری ئەم مانگە تەرخان کراون بۆ ڕەوشت و ژیاننامەی پێغەمبەر

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری ھەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، سەرجەم ناونیشانی وتارەکانی ھەینی پەیوەستکراون بە بارودۆخ، ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەی ھاووڵاتیان، بە جۆرێک باسی کێشە و کەموکوڕییەکان و ڕێگەچارەکانیان دەکرێت تاوەکو دەسەڵات و خەڵک پێکەوە ھاوکار بن بۆ چاکسازی.

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لە کاتی ئامادەکردنی ناونیشانی وتارەکاندا بنەمای سەرەکی ئەوەیە مامۆستای ئاینی وتارەکەی بە واقعی ژیانی خەڵکەوە ببەستێتەوە. ئەگەر باسی ئایەت، فەرموودە و مێژووی ئیسلامیش بکرێت، پێویستە لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگەدا بگوێزرێتەوە، چونکە ئەگەر وانەکرێت مەودایەکی گەورە لە نێوان خەڵک و وتاری ھەینیدا دروست دەبێت و خەڵک گوێی لێ ناگرێت.

سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری ھەینی گوتیشی، کاتێک وتارەکان باسی واقع و کەموکوڕییەکان دەکەن، ئامۆژگاری و ڕێگەچارەش بۆ دەسەڵات و خەڵک دەخەنە ڕوو تاوەکو ھەردوولا ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، چونکە گۆڕینی واقع تەنیا بە حکوومەت ناکرێت ئەگەر ھاوکاریی خەڵکی لەگەڵدا نەبێت. ھەروەھا داوای کرد خەڵک تەنیا وەک پیرۆزی و گوێگرتن سەیری وتارەکان نەکەن، بەڵکو بڕگە و ئامۆژگارییەکانی جێبەجێ بکەن.

لە کۆتاییدا دکتۆر بەشیر حەداد ئاشکرای کرد، بەبۆنەی ھاتنی مانگی ڕەبیع و ئەوەل و یاد و مەولودی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ)، چوار وتاری ئەم مانگە تەرخان کراون بۆ ڕەوشت و ژیاننامەی پێغەمبەر. جەختیشی لەوە کردەوە کە یەکێک لە سیفەتە سەرەکییەکانی پێغەمبەر ڕەحمەت و بەزەیی بووە، بۆیە پێویستە ئەم بەزەیییە لە ناوخۆمان، لە بەڕێوەبردن، تەبایی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا ڕەنگ بداتەوە، بەرامبەر موسڵمانان و پەیڕەوانی ئاینەکانی دیکەش ھەبێت.

 

بڵند ئیبراهیم