Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شەرەفی ئەندامێتی بە ٧٠٠ هەڤاڵی نوێ لە سنووری لقی ٢٣ی قەرەچووغ بەخشرا

مەخموور-KDP.info- بە بۆنەی یادی ١٦ی ئاب، ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەگای لقی ٢٣ی قەرەچووغ، بە ئامادەبوونی د. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر و هەڤاڵان چیا محەممەد و سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لق و کارگێڕانی لق و بەرپرس و کارگێڕانی ناوچە و ڕێکخراوەکان، مەراسیمێک بۆ بەخشینی شەرەفی ئەندامێتی بە پۆلێک ئەندامی تازەهاتووی ڕیزەکانی پارتی بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، پیرۆزباییی گەرم بە بۆنەی یادی ١٦ی ئاب لە هەڤاڵان و لایەنگرانی پارتی کرا و بەم بۆنەیەشەوە شەرەفی ئەندامێتی بە ٧٠٠ هەڤاڵی نوێ لە سنووری لیژنە ناوچەکانی سەر بە لقی ٢٣ی قەرەچووغ بەخشرا.

لە وتارێکدا، د. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختی لەوە کردەوە کە پارتی هەمیشە بژاردەی دیالۆگ وەک باشترین ڕێگە بۆ گەیشتن بە چارەسەری سەرجەم کێشەکان سەیر دەکات. ئەوەشی خستە ڕوو کە پارتی خاوەنی دۆزی ڕەوای کوردستانە و پارێزەری دەستکەوتەکانیەتی، هەروەها دڵنیایی دا کە ئاستەنگ و کەموکوڕییەکان چارەسەر دەبن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا و ئاماژە بەوە درا کە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی و ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، هەمیشە هەڵگری پەیامی ئاشتی، تەبایی و برایەتی بووە بۆ گشت گەل و خەڵکی کوردستان.

سەبارەت بە ئەرک و کارەکانی کادیران، جەخت کرایەوە کە لە بەرامبەر هەر پێشهات و بارودۆخێکدا، پێویستە کادیران زۆر پیشەییانە و بەپێی ڕێنمایییەکانی حزب مامەڵە بکەن و هەمیشە وەک پردی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتییان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕۆڵ ببێنن بۆ خزمەتکردنی خەڵک.

لە کۆتاییشدا، سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی کار و چالاکییەکانی هەڤاڵانی ئۆرگانەکانی سنووری لقی ٢٣ی قەرەچووغ کرا.