Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پشکی ئێستای ھەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو بۆ بەکارھێنانی ناوخۆ "دادپەروەرانە نییە" و دەبێت بڕەکە بۆ زیاتر لە دوو بەرامبەر زیاد بکرێت، ئامادەیی ھەولێریشی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا نیشاندا بەو مەرجەی سووتەمەنی بەپێی ڕێژەی دانیشتووان و بە "نرخی پاڵپشتیکراو" دابین بکرێت.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

بەڕێز (باسم محەممەد) وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدڕاڵ، لە بارەی کێشەی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان، لێدوانێکی دابوو کە گوایە ئامادەن بەنزینی پێویست بۆ ھەرێم دابین بکەن ئەگەر حکوومەتی ھەرێم ئەو پەنجا ھەزار بەرمیل نەوتەی کە بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیە ڕادەست بکات.

لێرەدا بۆ ڕای گشتی کوردستان و ھەموو عێراق ڕوونی دەکەینەوە کە حکوومەتی ھەرێم، ھەمیشە داوای دادپەروەریی کردووە لە دابەشکردنی بەرھەمە نەوتییەکان، بە ھەموو پێوەرەکانیش بەشی ھەرێم لە نەوتی خاو بۆ بەکارھێنانی ناوخۆ زیاتر لە دوو بەرامبەری ئەمەی ئێستایە. دیاریکردنی پەنجا ھەزار بەرمیل بۆ بەکارھێنانی ناوخۆی ھەرێم، ئەنجامی ڕێککەوتنێکی کاتی بووە و بە خواست و ویستی ئێمە نەبووە.

بەرژەوەندیی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێمە لە سەرووی ھەموو شتێکە، بۆیە ئەگەر وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی ئامادەن گفتوگۆ لە سەر دابینکردنی ھەموو جۆرە سووتەمەنییەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو بە پێی ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێم بکەن، ئەوا بە ڕەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێم ئامادەین دانوستان بکەین و پشکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی ھەرێمی کوردستان وەک ھەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق دیاربکرێت.

لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە ستایشی ھەڵوێستی ھەموو ئەو پەرلەمانتارانە بکەین کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ داوای دادپەروەری و زیادکردنی پشکی ھەرێم لە نەوتی خاو بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیان کردووە.

 

کەمال محەممەد ساڵح

وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت

٢٠٢٦/٨/١٢