Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سکرتێری قوتابیان و لاوان بۆ KDP.info: پێشبینی دەکەین ٨٠ هەزار گەنج بەشداری چالاکییەکانمان بکەن

هەولێر-KDP.info- بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوانەوە، شڤان مەحموود، سکرتێری یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ماوەی هەفتەیەکە بەردەوامن لە ئەنجامدانی کۆمەڵێک کۆڕ، فێستیڤاڵ و چالاکیی جۆراوجۆر لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی خزمەتکردن و بەهێزکردنی تواناکانی گەنجان.

سکرتێری یەکێتیی قوتابیان و لاوان، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دیارترین چالاکییەکانی خستەڕوو و گوتی، "بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵێک لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر، ڕێکخستنی دیداری لاوان لە شێخان و ڕاگەیاندنی خولی پیشەیی و بەهێزکردنی توانا لە زانکۆی سەلاحەدین، ئەنجامدانی فێستیڤاڵی مەلەوانی لە قەزای بەردەڕەش (کۆمەڵگەی بەنێنان) و خولی وەرزشیی بەردەوام لە ناوچە جیاوازەکان و ڕێکخستنی فێستیڤاڵێکی شاخڕەوی و وەرزشی لە ڕۆژی ١٨ی ئاب لە بەردەم ئەشکەوتی هەزارمێرد لە سلێمانی.

شڤان مەحموود جەختی لەوە کردەوە کە پێشبینی دەکرێت نزیکەی ٨٠ هەزار گەنج و لاو بەشداری لەم چالاکییانەدا بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ستراتیژی سەرەکیی ڕێکخراوەکەیان بریتییە لە بەهێزکردنی توانای گەنجان لە ڕووی زانستی، جەستەیی و هونه‌رییەوە.

لەنێو بەرنامەکانی ئایندەماندا، لە ئێستادا خەریکی پڕۆژەی بەدیجیتاڵکردنی وەرزشین لە هەرێمی کوردستان، کە خزمەتێکی گەورە بە وەرزشوانان و گەنجانمان دەگەیەنێت.

 

بڵند ئیبراهیم