Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دکتۆرە چنار: پارتی بە پشتیوانیی ٨٠ ساڵ خەبات بەسەر ئاستەنگە نوێکاندا زاڵ دەبێت

باڵەکایەتی-KDP.info- ​ئەمڕۆ سێشەممە، ١١ی ئابی ٢٠٢٦، دکتۆرە چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر، بەیاوەری وەفدێکی ئەندامانی مەکتەب، سەردانی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد. لە لایەن شوان محەمەد طە، بەرپرسی لق، و بە ئامادەبوونی کارگێڕان و بەرپرسانی لێژنە ناوچەکان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.

​بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشی پێگەیاندن و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی لقی ٢٦ لە هۆڵی بۆنەکانی لق، سیمینارێکی فکری ـ سیاسییان بۆ دکتۆرە چنار سەعد لەژێر ناونیشانی (٨٠ ساڵ خەبات، فاکتەری هێز و ئالەنگارییەکان) بۆ کادران، ئەندامان و لایەنگرانی پارتی لە دەڤەری باڵەکایەتی ڕێکخست.

​لە دەستپێکی سیمینارەکەدا، شوان محەمەد طە بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و تیشکی خستە سەر گرنگیی بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە کۆڕ و سیمینارانە. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە گواستنەوەی مێژووی پڕ لە قوربانیی پارتی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە ڕێبەرایەتیی بارزانیی نەمر بۆ نەوەی نوێ، ئەرکێکی نەتەوەیی و ڕێکخراوەییە، تا نەوەی ئێستا بە ڕوونی لە نرخ و به‌های ئەو قوربانییانە تێبگەن کە بۆ پاراستنی ناسنامە و مافەکانی گەلەکەمان دراون.

​دواتر دکتۆرە چنار سەعد عەبدوڵڵا سیمینارەکەی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر مێژووی ٨٠ ساڵەی خەباتی پارتی و هێزی ڕێکخراوەیی و سیاسیی حزب لە قۆناغە جیاوازەکاندا. لە وتەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامیی پارتی لە ماوەی هەشت دەیەی ڕابردوودا، بەرهەمی خۆڕاگری و قوربانیدانی بێپچڕان بووە، کە ئەمەش بنەمایەکی بەهێزی بۆ هێزی سیاسیی ئەمڕۆی پارتەکە دروست کردووە.

​لەنێو سیمینارەکەدا، بەڕێزیان ئاماژەی بە ڕۆڵی کارای سەرۆک بارزانی کرد لەم قۆناغەی ئێستادا بۆ پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و بەهێزکردنی پێگەی کوردستان. هەروەها ڕوونی کردەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی سەر گەلەکەمان پێویستی بە هۆشیاری، یەکڕیزی و ڕێکخستنێکی پۆڵاین هەیە، و پارتی بە پشت بەستن بە ئەزموونی ٨٠ ساڵەی خۆی دەتوانێت بەسەر گۆڕانکاری و ئاستەنگە نوێیەکاندا زاڵ بێت.

​لە کۆتایی کۆڕەکەدا، دەرگای گفتوگۆ و پرسیار و وەڵام لە نێوان پێشکەشکار و ئامادەبوواندا کرایەوە، و جەخت لەسەر بەردەوامیی چالاكییە فکری و ڕۆشنبیرییەکان لە دەڤەرەکەدا کرایەوە.