هه‌ولێر -KDP.info- گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار ده‌ڵێ "ئه‌نجامدانی زیاتر له سه‌د پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژێرخانی كه‌رتی گه‌شتوگوزار كه‌رتەکەی بردووەته قۆناغێكی هیوابه‌خش."
ئیبراهیم عه‌بدولمه‌جید، گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "ئێمه وه‌ك ده‌سته و حكوومه‌تی هه‌رێم، ستراتیژی خۆمان هه‌یه بۆ كه‌رتی گه‌شتوگوزار، كه خۆی له په‌ره‌پێدانی ژێرخانی كه‌رته‌كه ده‌بینێته‌وه، فره‌چه‌شنكردنی كه‌رتی گه‌شتوگوزار و زیاتركردنی چالاكییه گه‌شتیارییه‌كان و زیاتر ناساندنی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ڕووگه‌یه‌كی گه‌شتیاری له ناوچەکه و جیهان، تا ڕاده‌یه‌ك توانیومانە قۆناغی یه‌ك وه‌رزه ببڕین، ئێستا كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین له هه‌ر چوار وه‌رزی ساڵ گه‌شتیار بێته هه‌رێمی كوردستان."
گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار ده‌شڵێت "ساڵانی ڕابردوو 105 پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری به سه‌رمایه‌ی حه‌وت ملیار و 680 ملیۆن دۆلار له هه‌رێمی كوردستان جێبەجێ کراوا، ئه‌نجامدانی ئه‌و پڕۆژانه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژێرخانی كه‌رتی گه‌شتوگوزار هه‌بووه، ده‌توانم بڵێم كه‌رتی گه‌شتیاری بردووەته قۆناغێكی هیوابه‌خش، چونكه ساڵانی پێشتر زۆر جار له‌كاتی بۆنه و پشووه‌كان به‌هۆی نه‌بوونی شوێنی حه‌وانه‌وه گه‌شتیار له شوێنه گشتییه‌كان و ناو پاركه‌كان ده‌مایه‌وه، به‌ڵام ئێستا هه‌رێمی كوردستان له‌توانایدایه هه‌ر شه‌وێك سه‌د هه‌زار گه‌شتیار له‌خۆ بگرێت و شوێن هه‌یه."
ئیبراهیم عه‌بدولمه‌جید ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "ئێمه له وه‌رزی هاوینداین و پشكی شێری هاتنی گه‌شتیاران به‌ر وه‌رزی هاوین ده‌كه‌وێت، ده‌سته له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كان هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌منی، به‌تایبه‌تی بازگه‌كان هه‌یه بۆ هاتنی گه‌شتیار، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كان و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانی دیكه هه‌ماهه‌نگی بۆ هاتنی گه‌شتیاران هەیە، تیمه‌كانی ئێمه‌ش به‌رده‌وام چاودێری ڕه‌وشی گه‌شتیاران و شوێنه گه‌شتیارییه‌كان ده‌كه‌ن."
قائید میرۆ