Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. شیرین بۆ KDP.info: خەڵاتکردنی قوتابییان دەربڕینی باوەڕی نەگۆڕی پارتییە بە نەوەی ئاینده‌ساز

دهۆک-KDP.info- بەبۆنەی سەرکەوتنی دەرچووانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی، مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا ٦٨ قوتابیی بەرزترین نمرەکانی پارێزگاکەی خەڵات کرد.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، د. شیرین حوسنی، بەرپرسی بەشی ڕێکخستن لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک گوتی، ""بڵند ڕاگرتنی ماندووبوونی قوتابییان، تەنیا ڕێزلێنانێک نییە لە کۆشش و تەقەلای ئەم ساڵەیان، بەڵکو دەربڕینی هەڵوێستی نەگۆڕی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە لە تەواوی وێستگە سەختەکانی مێژوودا، باوەڕی بەهێزی بە زانست، زانیاری و پەروەردەکردنی نەوەیەکی هۆشیار و ئاینده‌ساز هەبووە. ئەم ڕێوڕەسمە بە چاودێریی بەڕێز ئیدریس نێچیرڤان بارزانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ مەکتەبی ڕێکخستن لەلایەن بەڕێز سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسییەوە بەڕێوەچوو، تا پەیامی پشتگیریی بەردەوامی سەرکردایەتیی پارتی بگەیێنینە هەموو گەنجان و قوتابییانی خۆشەویست."

د. شیرین حوسنی زیاتر گوتیشی، "خەڵاتکردنی ئەم ٦٨ قوتابییە ئازیزە، دەرفەتێک بوو بۆ ئاراستەکردنی پیرۆزبایی گەرمی سەرکردایەتی لە خێزانە ماندووەکانیان و هاوکات هاندانیان بۆ ئەوەی بە هەمان گوڕوتین و ورەی بەرزەوە هەنگاو بەرەو قۆناغی داهاتووی خوێندنی ئەکادیمی بنێن. ئێمە باوەڕی تەواومان وایە کوڕان و کچانی کورد، داهاتووی ڕووناکتر بۆ گەلەکەمان و کوردستان وێنە دەکەن و هیوادارین ئەم سەرکەوتنە ببێتە دەستپێکی ڕێگەیەکی پڕ لە دەستکەوتی مەزنتر لە ژیانی زانستی و پیشەیییاندا."