Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری ناوخۆ: سەرۆک بارزانی فێری کردین ئەنفال بکەینە هەوێنی برایەتی و لێخۆشبوون

هەولێر-KDP.info- لە یادی 43 ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکاندا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەنفال نەیتوانی ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنێت و جەختی کردەوە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و ڕێگە نادەن هیچ کەس و لایەنێک مەترسی بخاتە سەری.

ڕۆژی سێشەممە، 11ی ئابی 2026، لەژێر ناونیشانی "مردنێک لەپێناوی مانەوەی نیشتیماندا"، یادی 43 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکان بەڕێوەچوو. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا بەو بۆنەیەوە ڕایگەیاند، "بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە لە حزووری شەهیدبوونی 8 هەزار هاووڵاتی بێتاوان دەوەستین و ئەو یادە بەرز ڕادەگرین کە کارەساتی جینۆسایدی بارزانییەکانە، گەورەترین کۆمەڵکوژی سامناک لە مێژووی هاوچەرخدا."

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنفال هەوڵێکی نەزۆک بوو بۆ سڕینەوەی شوناسی گەلی کوردستان، بەڵام ئیرادەی گەلەکەمان سەرکەوت. گوتیشی، "ئەمڕۆ جێگەی خۆیەتی دەستی ئەو دایک و خوشکە مەزنانە ماچ بکەین کە دوای شەهیدبوونی باوک و هاوسەر و براکانیان، پیاوانە بوونە هەوێنی شۆڕشی بەرخودان و پەروەردەکردنی نەوەیەک کە ئێستا دژ بە تاریکی و زوڵم دەجەنگن."

ڕێبەر ئەحمەد جەختی لە پابەندبوونی حکوومەت کردەوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و ناوەندە جیهانییەکان بە مەبەستی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ناسینەوە و گەڕاندنەوەی ڕوفاتەکان بۆ باوەشی کوردستان. لەو چوارچێوەیەدا، ستایشی ڕۆڵی سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی، "بە هەوڵی جەنابیان تاوەکو ئێستا ڕوفاتی زیاتر لە 700 شەهید گەڕێندراونەتەوە و فێری کردین کە ئەنفال نەکەینە ڕق و تۆڵە، بەڵکو بیکەینە هەوێنی برایەتی و لێخۆشبوون."

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆک بارزانی لێبڕاوانە دۆسیەی ئەنفالی بردە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی یاسایی بە جینۆسایدی گەلی کوردستان.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، وەزیری ناوخۆ ڕووی دەمی کردە نەوەی نوێ و ڕایگەیاند کە ئازادیی ئەمڕۆ بەرهەمی خوێنی شەهیدانە. هەروەها هۆشدارییەکی توندی دایە ئەو کەسانەی دەستیان لەگەڵ دوژمنان تێکەڵ کردووە بۆ تێکدانی قەوارەی هەرێم و گوتی، "بەبیریان دەهێنمەوە کە ئەم قەوارەیە و دامەزراوەکانی بە خوێنی ئەنفال و شەهیدان بەدەستهاتوون و بە دەستوبازووی پێشمەرگە پارێزراون، هەر بە خوێنیش پارێزگاری لە شەرعیەت و قەوارەی خاکەکەمان دەکەین."