Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دژوار فایەق بۆ KDP.info: گواستنەوەی فۆرمی خۆراک بۆ سنووری ماددەی ١٤٠ دەستووری نییە و ڕەتیدەکەینەوە

هەولێر-KDP.info- نوێنەری هەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ ڕایدەگەیەنێت، نووسراوی سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکاری ماددەی ١٤٠ بەتەواوی ڕەتدەکەنەوە کە تێیدا ڕەزامەندی لەسەر گواستنەوەی فۆرمی خۆراک بۆ کەرکووک و ناوچەكانی سنووری ماددەی ١٤٠ و کێشەلەسەرەکان دەربڕیبوو. ناوبراو ئاشکرای دەکات ئەو هەنگاوە پێچەوانەی دەستوورە و هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی بەکراوەیی ماونەتەوە.

دژوار فایەق، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "لە ڕێککەوتی ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٦، سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکاری ماددەی ١٤٠ لە بەغدا بە نووسراوی ژمارە (٥٥٧) وەڵامی وەزارەتی بازرگانی عێراقی داوەتەوە و ڕایگەیاندبوو کە گواستنەوەی فۆرمی خۆراک لە دەرچەی کاری لیژنەکەیان نییە و لارییان لە گواستنەوەی نییە. بەڵام وەک نوێنەرانی هەرێم بە توندی ئەو نووسراوەیان ڕەتکردەوە چونکە بە تەواوی پێچەوانەی دەستوورە.

بەهۆی ناڕەزایەتییە توندەکانی نوێنەرانی هەرێمەوە، سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکار لە ٣٠ی تەممووزی ٢٠٢٦ بە نووسراوی ژمارە (٥٩٠) داوای لە وەزارەتی بازرگانی کردووە کە کاری پێ نەکەن و ڕایبگرن، تا ئەو کاتەی لیژنەیەکی یاسایی بۆ لێکۆڵینەوە لەو پرسە پێکدەهێنرێت، چونكە نوێنەرانی هەرێمیش بە فەرمی داوایان کردووە بەشداربن لەو لیژنە یاساییەدا.

دژوار فایەق جەختی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک گواستنەوەی فۆرمی خۆراک بۆ کەرکووک و سنووری ماددەی ١٤٠ قبووڵ ناکەن. بۆ ئەم مەبەستەش، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا (بەتایبەتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکوەزیران) کراوە تا لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە هەوڵدا بن بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە بە یەکجاری هەڵبوەشێنرێتەوە، لەبەر ئەوەی بە تەواوی دژی ماددەی ١٤٠ و دەستوورە.

 

قائید میرۆ