ئاکرێ-KDP.info- بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزای ئاکرێ ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی پاڵپشتییەکانی حکوومەت و لەباریی کەشوهەوای ناوچەکەوە، کەرتی کشتوکاڵ گەشەی ١٠٠٪ی بەخۆیەوە بینیوە. ناوبراو ئاشکرای دەکات کە پێشبینی دەکرێت بەرهەمی هەنجیری ئەمساڵی ئاکرێ بگاتە ٩ هەزار تۆن و بەرهەمەکانی تریش وەک برنج و سماق و تەحینی ئاکرێ، جگە لە دابینکردنی بازاڕی ناوخۆ، بەردەوام هاوردەی دەرەوەی کوردستان دەکرێن."
فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزای ئاکرێ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دەڤەری ئاکرێ وەک هەنجیر، برنج، سماق و تەحین، جگە لە دابینکردنی پێداویستیی بازاڕی ناوخۆ، بەرەو دەرەوەی کوردستانیش هەناردە دەکرێن. کەشوهەوای لەبار، سروشتی شاخاویی ناوچەکە و زۆریی سەرچاوەکانی ئاو، هۆکاری سەرەکین بۆ بەرزیی کوالێتی بەرهەمەکان. ئەمساڵ ژمارەی دار هەنجیرەکانی ئاکرێ گەیشتووەتە نزیکەی ٢٧٠ هەزار دار و پێشبینی دەکرێت بەرهەمی هەنجیر ببیێتە ٩ هەزار تۆن.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزای ئاکرێ گوتیشی، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە چەندین شێواز پاڵپشتیی جووتیارانی کردووە، لەوانە: ڕاگرتنی هەناردەی بەرهەمی بیانی لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆ بۆ دەرەوە و کردەنەوەی خولی تایبەت بۆ جووتیاران لەسەر چۆنیەتیی چاندن و بڕینەوەی هەنجیر، برنج و سماق بە مەبەستی پێگەیاندنی جووتیاری نموونەیی، هەروەها چاککردنی ڕێگەکان ئاسانکاریی گەورەی بۆ جووتیاران کردووە تا لە ڕۆژێکدا چەندین جار بەرهەمەکانیان بە ئاسانی لە گوندەکانەوە بگەیەننە بازاڕ و سەنتەری شارەکان.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ جەختی کردەوە کە بەهۆی ئەم ئاسانکارییانەوە، خەڵکی دەڤەرەکە گەڕاونەتەوە بۆ سەر کاری جووتیاری، بەمەش لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، کەرتی کشتوکاڵ لە ئاکرێ بە ڕێژەی ١٠٠٪ گەشەی کردووە.
ئەژین غەفار