هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە یەکەم ڕۆژەوە بێلایەنیی خۆی پاراستووە و نایەوێت ببێتە لایەنێک لە ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە، هاوکات دڵنیایی دا کە خاکی هەرێم بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بەکار ناهێنرێت.
وێستگەکانی ژیانی تایبەتی سەرۆکی حکوومەت
سەرۆکی حکوومەت لە دەستپێکی گوتەکانیدا ئاماژەی بە مێژووی ژیانی خۆی کرد و ڕایگەیاند، "من لە کوردستان و لە ناوچەیەکی شاخاوی بە ناوی (دیلمان) لەدایکبووم. دوا بە دوای نالەباریی بارودۆخی سیاسی، لە ساڵی 1975ـدا چوینە ئێران و تا ساڵی 1991 لەوێ ژیاین، بۆیە بە باشی بە زمانی فارسی دەدوێم. سەرەتا لە کەرەج و دواتر لە ئورمیە نیشتەجێ بووین.
باسی لەوە کرد، دوای گەڕانەوەمان بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ درێژەدان بە خوێندن چوومە ئەمریکا و لە ساڵی 1998ـدا گەڕامەوە."
مەسروور بارزانی، جەختی کردەوە کە ئێستا دۆخی هەرێمی کوردستان باشە و هەرێم وەک دۆستێکی نزیک بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەکە دەڕوانێتە پەیوەندییەکان.
هەڵوێستی هەرێم بەرامبەر جەنگ و ململانێ ناوچەییەکان
مەسروور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە زۆر ڕوون بووە و ڕایگەیاند، "لە یەکەم ڕۆژەوە وتوومانە کە نامانەوێت ببینە بەشێک لە ململانێی ناوچەکە. ئێمە دەستپێشخەری هیچ جەنگێک نەبووین و تەنیا ئامانجمان پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دووڕخستنەوەی بووە لە هەر جۆرە گرژییەک."
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، هەر جەنگێک لە کۆتاییدا بە ڕێککەوتنی ئاشتی کۆتایی دێت، بەڵام دوای بەفیڕۆدانی سامانێکی زۆر و قوربانیدانی مرۆیی گەورە، بۆیە باشترە لایەنەکان ڕێگەی سیاسی بگرنەبەر و بەرژەوەندیی سەرجەم لایەنەکان ڕەچاو بکەن.
مەسروور بارزانی هیوای خواست هەموو لایەک ڕێز لە یەکپارچەیی و سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرن. ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەگەرچی هەوڵێک هەبووبێت بۆ پەلکێشکردنی هەرێم بۆ ناو جەنگ، بەڵام هیچ لایەنێک نەیتوانیوە فشار لە هەرێم بکات، چونکە بەرژەوەندیی نیشتمانی لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.

کارتێکەریی جەنگ لەسەر ئابووری و سەقامگیری
سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی جەنگ لە ناوچەکەدا، مەسروور بارزانی دۆخەکەی بە سەخت وەسف کرد، چونکە ناسەقامگیری کاریگەریی نەرێنی لەسەر کەرتی ئابووری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان دروست کردووە.
ڕوونیشیکردەوە، کە ئێستا جۆرێک لە بێ متمانەیی لە ناوچەکەدا هەیە، چونکە ئاییندەی کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە نادیارە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لە هەرێمی کوردستان کە هیواخوازین بە زوویی بڕەوێتەوە.
دۆسیەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان
لەسەر پرسی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لە هەرێم، سەرۆکی حکوومەت گوتی، "ئەم لایەنانە وەک پەنابەر لە پێش ساڵی 1991ـەوە لەم ناوچەیە نیشتەجێن و ئەم بابەتە وەک میراتێکی مێژوویی بۆ ئێمە ماوەتەوە. ئێمە ئەم کێشەیەمان دروست نەکردووە، بەڵام تەواوی هەوڵی خۆمان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی سەرجەم لایەنەکان پابەندی سیاسەتی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بن و نەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ."
هێرشە مووشەکییەکان و پاساوە بێبنەماکان
مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، بە داخەوە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە کە لە ناوخۆی ئێران یان لە لایەن هەندێک میلیشیای سەر بە عێراقەوە ئەنجام دراون.
هاوکات گوتی، "ئەم هێرشانە سەرلەبەری بێ پاساون، ئێمە زیانی مرۆییمان بەرکەوتووە و ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیلمان لەدەستداوە، شانبەشانی تێکدانی ژێرخانی مەدەنی. ئێمە سەرکۆنەی هەموو ئەم هێرشانە دەکەین، چونکە هەرێم نایەوێت وەک هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە سەیر بکرێت."
سەرۆکی حکوومەت ئەو پاساوانەی ڕەتکردەوە کە هێرشەکان دەبەستنەوە بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان. لەم بارەیەوە ڕوونیکردەوە، "بنکەی ئاسمانیی هەریر ماوەی 10 ساڵە چۆڵە. ئەم بنکەیە لە شەڕی دژی داعش بەکارهێنرا و دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە لە ساڵی 2017ـدا بە تەواوی چۆڵکرا، بۆیە هێرشەکان دەکرێنە سەر بنکەیەکی بەتاڵ کە هیچ سەربازێکی ئەمریکی تێدا نییە."
باسی لەوەش کرد، هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر ئەرکیان تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی هاووڵاتییان بووە لە هەڕەشەکانی داعش، بەڵام ئێستا ئەمریکا هێزی شەڕکەری لە هەرێمی کوردستاندا نەماوە.

چارەسەری کێشەی کورد لە ناوچەکەدا
سەبارەت بە پرسی کورد لە وڵاتانی ناوچەکە، مەسروور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد گفتوگۆ و ڕێگەی ئاشتییانەیە، چونکە کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەنی ئەم وڵاتانەیە کە تێیدا دەژیت و ناتوانرێت نکوڵی لە بوونی بکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە وێناکردنی کورد وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بابەتێکی زۆر گەورەکراوەیە و هیچ کاتێک کورد ئەو نیازەی نەبووە کە دۆخی ناوچەکە تێکبدات، بەڵکو هەمیشە هەوڵی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی داوە.
پەیوەندییەکانی دەرەوە و پرسی ئیسرائیل
مەسروور بارزانی لەم بارەیەوە گوتی، "هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و خاوەنی سیاسەتێکی دەرەوەی سەربەخۆ نییە، بۆیە ئێمە پابەندین بەو سیاسەتە دەرەوەیەی کە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق دەیگرێتەبەر و بە فەرمی ڕایدەگەیەنین کە ئێمە هیچ جۆرە پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە."
چەکی دەرەوەی یاسا و دەسەڵاتی دەوڵەت
مەسروور بارزانی گوتی، ئێمە سیاسەتێکی ڕوونمان هەیە، سیاسەتی حکوومەتی فیدراڵی، بە تایەبەتی ئەوەی عەلی زەیدی، کە جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت هیچ گرووپێکی لە یاسا دەرچوو لە دەرەی چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق چەک هەڵبگرێت، ئێمە هەمان سیاستەمان هەیە، نابێت هیچ گرووپێک هەڕەشە بێت بۆ سەر عێراق و وڵاتانی دراوسێ.
دەشڵێت، بەشێک لەو چالاکییانەی کە بەشێک لەو گرووپە چەکدارانە دەیکەن، زیان بە عێراق دەگەینن بەر لەوەی بە دراوسێکانی بگەیەنن، ئێمە بینومانە زۆرێک لەو وڵاتانە کە چۆن وەڵامی هێرشی ئەو گرووپانەیان داوەتەوە، جا چ لە ڕێگەی مووشەک بێت یان لە ڕێگەی درۆنەوە.
سەرۆکی حکوومەت پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی لە کۆنترۆڵکردنی چەک و چەسپاندنی سەروەریی یاسا.
مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، تا ئێستا هەوڵێکی راستەقینە و سەربازی نەبووە بۆ داماڵینی چەکی ئەم گرووپانە، بەڵکو زیاتر هەوڵەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاشتی یان تێکەڵکردنیان بووە لەگەڵ هێزە ئەمنییە فەرمییەکاندا.
پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش
سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند، بەهۆی بوونی سنوورێکی درێژ و هاوبەش لە نێوان عێراق و ئێراندا، دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان هەردوو وڵاتدا بابەتێکی سروشتییە.
بەڵام جەختی کردەوە کە دەبێت ئەم پەیوەندییانە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و متمانەی هاوبەش بن، بە شێوەیەک کە سەرجەم وڵاتان ڕێز لە کلتوور و نەریتی یەکتری بگرن و پەیوەندییەکانیان ڕێکبخرێت.
مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، کە پێویستە عێراق جەخت لەسەر پاراستن و بەهێزکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی بکاتەوە، هاوکات بونیاتنانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە ڕەوتێکی دروست دادەنێت بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم پەیوەندییەکان.
سەرۆکی حکوومەت گوتیشی، "پێم وایە دەبێت عێراق لە بڕیارەکانیدا بە تەواوی سەربەخۆ بێت و بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان لە پێش هەموو شتێکەوە دابنێت."

ڕووداوە مێژووییەکانی عێراق و ململانێی هەژموون
مەسروور بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئاماژەی بە زنجیرە ڕووداوە سەختەکانی عێراق کرد لە دوای ڕووخانی رژێمی پێشوو و هاتنی هێزەکانی ئەمریکا، کە دواتر بوونیان بە ناوەکانی دیکە ناو نرا.
ئەو ڕوونیکردەوە، کە بوونی هێزی بیانی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بە پلەبەندی جیاواز تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامیی هەبووە. دوابەدوای سەرهەڵدانی تیرۆر، جارێکی دیکە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەسەر داوای فەرمیی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق گەڕانەوە و چەندین وڵاتی دیکەش هاوبەش بوون و هێزەکانی خۆیان جێگیر کرد.
مەسروور بارزانی باسی لەوەش کرد، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە هەوڵی داوە هەژموونی خۆی لە عێراقدا زیاد بکات، ئەمەش عێراقی خستووەتە دۆخێکەوە کە ناچار بێت بە وریاییەوە ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزانە بەڕێوە ببات. لە لایەکەوە، عێراق پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەیە کە لە ڕابردوودا یارمەتییان داوە و، لە لایەکی دیکەشەوە، هاوبەشیی زۆری ئایینی، جوگرافی و مێژوویی هەیە کە بەغدا و تاران پێکەوە دەبەستێتەوە.
بە گوتەی سەرۆکی حکوومەت، پێویستە عێراق بە جۆرێک ئەم هاوسەنگییە بەڕێوە ببات کە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت.
داهاتووی ناڕوونی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
سەبارەت بە داهاتووی ململانێ و جەنگەکانی ئێستای ناوچەکە، مەسروور بارزانی رایگەیاند، کە پێشبینیکردنی کاتی کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران و ئەمریکا گەلێک سەختە.
گوتیشی، "گەرچی دەزانم لە خاڵێکدا جەنگەکە کۆتایی دێت، بەڵام کاتی دیاریکراوی کۆتاییهاتنەکەی ڕوون نییە. ئەگەرچی باس لە چەندین سیناریۆی جیاواز دەکرێت بۆ ئەوەی چی ڕوودەدات، بەڵام بە بڕوای من هیچ پێشهاتێک نییە کە لە ئێستا جێگەی دڵنیایی بێت."
جەنگی ئەمریکا و ئێران بازرگانیی هەرێمی بە ڕێژەی 70% کەمکردووەتەوە
مەسروور بارزانی، ڕایگەیاند، جەنگی ئەمریکا و ئێران کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و زۆر گەورەی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق هەبووە. حکوومەتی عێراق وەک دەوڵەتێک کە پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێت، بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە ناتوانێت نەوتی خۆی هەناردە بکات، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری عێراق دروستکردووە کە ئێمەش بەشێکین لێی.
گوتیشی، بەشێک لە هێرشە درۆنییەکان بوونەتە هۆکاری خاووبوونەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لە هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا، و بە هەمان شێوە بارزگانی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر پاشەکشەی کردووە، بە جۆرێک دەتوانم بڵێم 70%ی بازرگانی ئێمە لەوە کەمترە کە پێشتر هەبووە. ئەگەر ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، خراپتر دەبێت، نەک تەنیا بۆ هەرێم و عێراق بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە، کە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانیش پێی کاریگەر بوون.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، هەرێمی کوردستان ئامادەیە هاوکاری بەغدا بکات بە هەر شێوازێک بێت، ئێمە پشتیوانی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین و ئەوەی لە دەستمان بێت دەیکەین بۆ ئەوەی پشتیوانی ئابووری عێراق بکەین. عێراق پێشتر زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی لە باشووری وڵاتەکە هەناردە دەکرد، ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەمانە ناتوانێت قەرەبووی ئەم زیانە بکات، چونکە ئێمە ناتوانین لە 300 هەزار بەرمیل زیاتر بەرهەم بهێنین، لەوانەیە بگاتە 400 هەزاریش ئەگەر بێت و وەبەرهێنانی زیاتر بکرێت لە هەرێمدا.
ئاماژەشی دا، لە پاڵ ئەمانەدا، نزیکەی 300 هەزار بەرمیل هەیە لە کەرکووک، ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی بتوانێت بەشێک لەو هەناردانەی کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکرێت لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بنێرێتە تورکیا، وای دابنێ هەناردەمان گەیشتە یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە، ئەمە هێشتا بەشی ئەوە ناکات زیانەکان قەرەبوو بکاتەوە، چونکە عێراق پێویستی بەوەیە هەناردەی زیاتری نەوت بکات بۆ ئەوەی داهاتی خۆی بپارێزێت. هەرێمی کوردستان ئامادەیە یارمەتی عێراق بدات و دەتوانێت بارگرانییەکان سووکتر بکات، بەڵام ناتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات.
مەسروور بارزانی جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاترە، بەڵام هێرش و هەڕەشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزە کە لە لایەن بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێن، کارەکەی زۆر سەخت کردووە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان دەست بە وەبەرهێنان بکەنەوە. ئەو کۆمپانیایانە نەیانتوانیبوو دەست بە کارەکانی خۆیان بکەنەوە و درێژە بە وەبەرهێنان بدەن، تەنیا لەم دواییانەدا نەبێت کە عەلی زەیدی کۆمەڵێک گەرەنتی بەو کۆمپانیایانە دا، بەڵام گەیشتن بە ئاستی زیادکردنی بەرهەم پێویستی بە کات و وەبەرهێنانی زیاترە.
مەسروور بارزانی لە بارەی یاسای نەوت و گازەوە گوتی، ئێمە پێویستمان بە یاسایەکی نەوت و گاز هەیە کە مافەکانی هەر لایەنێک بە ڕوونی دیاری بکات، چونکە حکوومەتی عێراق هێشتا پشت بە یاسایەک دەبەستێت کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1975، کە یاسایەکە هەڵوەشاوەتەوە چونکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو.ڕژێم گۆڕاوە و عێراق لە دەوڵەتێکی مەرکەزییەوە گۆڕاوە بۆ دەوڵەتێکی فیدراڵی، بەڵام یاساکان وەک خۆیان ماونەتەوە، و ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وادەکات هێشتا ڕووبەڕووی هەندێک کێشە ببینەوە.

کێشەکانی بەردەم فیدراڵییەت و جێبەجێ نەکردنی دەستوور
مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە فیدراڵییەت ڕێگر نییە لە پاراستنی یەکپارچەیی وڵات، بەڵکو گەورەترین کێشە جێبەجێ نەکردنیەتی و ڕایگەیاند، هێشتا کەسانێک لە بەغدا هەن بڕوایان بە سیستەمی فیدراڵی نییە، یان تەنانەت لێی تێناگەن. سیستەمی فیدراڵی بەو شێوازەی کە دەبوو جێبەجێ بکرێت، جێبەجێ نەکراوە. زۆرێک لە ماددەکانی دەستوور نەگۆڕاون بۆ یاسا، لەوانەش ماددەی 140 سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکان، یاسای نەوت و گاز، و پرسەکانی وەک بازرگانی و باج و هیتر. کێشەکە لە خودی سیستەمەکەدا نییە، بەڵکو لە عەقڵیەتی هەندێک کەسدایە کە بەداخەوە لەم سیستەمە بە نادروستی تێدەگەن. ئەگەر هەموو لایەنەکان ڕێزیان لە سیستەمی فیدراڵی بگرتایە، کێشەکانی نێوانمان لە کەمترین ئاستدا دەبوو.
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردن و چاکسازییەکان لە عێراقدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، عێراق وڵاتێکی زۆر گرنگە و هەرەس ناهێنێت، چونکە خاوەنی هەموو پێکهاتەکانە. تەواوی ئەوەی پێویستییەتی بەڕێوەبردنێکی دروست و بڕیاردانی ڕاستەقینەیە، و هیوادارین ئەم بڕیارانە لە ژێر سەرکردایەتی سەرۆک وەزیران زەیدی بدرێن، و ئێمە بە تەواوی پشتگیری هەموو ئەو دەستپێشخەرییانە دەکەین کە ئەو دەیانخاتەڕوو.
مەسروور بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئاماژەی بە ئەزموونی سەرکەوتووی چاکسازییەکانی هەرێم کرد لە کایەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و هاندانی ڕۆڵی کەرتی تایبەت و سیستمی بانکی.
پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و ململانێی چەکداریی سەر سنوور
لە بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنقەرەدا، مەسروور بارزانی ڕوونیکردەوە، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیادا زۆر باشن، و لێکتێگەیشتنێکی باش لە نێوانماندا هەیە. بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ململانێی چەکداری لەسەر سنوورەکانمان، تا ئێستاش 800 گوندی ئێمە وێرانن، و نەمانتوانیوە سەرلەنوێ ئاوەدانیان بکەینەوە. تورکیا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا شاهیدی دەستپێشخەرییەکی ئاشتی بوو، و ئێمە لایەنگری بەهێزی ئەم دەستپێشخەرییە بووین، چونکە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا بە گرنگ سەیر دەکرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی کۆتایی بۆ کورد لە تەواوی ناوچەکەدا.
دۆخی کورد لە سووریا و گفتوگۆکانی دیمەشق
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە بارودۆخی سووریا و ڕۆڵی هەولێر رایگەیاند، ئێمە لایەنگری بەهێزی گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان دیمەشق و کورد بووین لە سووریادا، و ئێستا پەیوەندییەکی باش لە نێوان هەولێر و دیمەشقدا لە پەرەسەندندایە. سەرۆکی سووریا بڕیارێکی فەرمیی دەرکردووە بۆ پێدانی رەگەزنامە بە کورد کە نیشانەی جددیبوونیەتی. ئەمڕۆ، هەموو سوورییەکان، بە کوردیشەوە، چوونەتە قۆناخێکی جیاوازەوە. کورد هەیە کە ئێستا کورسییان لە ئەنجوومەنی گەلدا هەیە، و کورد هەیە کە پۆستی وەزارییان لە حکوومەتی نوێی سووریادا هەیە، و متمانە بە یەکتر ڕێگە خۆش دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی باشتر.
پرسی کورد لە ئێران و خواستەکانی نەوەی نوێ لە هەرێم
لە بارەی پرسی کورد لە وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران، مەسروور بارزانی گوتی، لە ئێراندا پارێزگایەک هەیە بە ناوی کوردستان، بەڵام بەشداری کورد لەسەر ئاستی حکوومی سنووردار بووە. ئێمە پشتگیری لەوە دەکەین کە کورد لە هەر شوێنێک بێت، لە مافی یەکسان بەهرەمەند بێت و وەک هاووڵاتی پلە دوو سەیر نەکرێت.
مەسروور بارزانی ئومێدی قووڵی خۆی بە نەوەی نوێی هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند، خواست و ئاواتەکانی نەوەی نوێ جیاوازن، چونکە لە کەشێکی ئازادیدا ژیاون و بەراوردی خۆیان بە باشترین نموونەکانی جیهان دەکەن، من زۆر گەشبینم و هیوایەکی گەورەم بە داهاتووی نەوەی نوێی کوردستان هەیە.