سلێمانی-KDP.info- شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عەلی حوسێن، سەردانی محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانیان کرد لە گوڵەخانە، بە مەبەستی گەیاندنی پیرۆزبایی بەبۆنەی ٥٠ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر دامەزراندنی حزبەکەیاندا.
عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-ھەڵەبجە-ڕاپەڕین، بەیاوەری شاندێکی باڵای مەکتەب و بەرپرس و ھەڤاڵانی لقی١٢، بە مەبەستی پیرۆزبایی ٥٠ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر دامەزراندنی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لە گوڵەخانە سەردانی بەڕێز محەممەدی حاجی مەحموود یان کرد.

لە دیدارەکە وێڕای پیرۆزبای یوبێلی زێڕینی دامەزراندنی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، ھەردوولا تەکیدیان لە پەیوەندی دووقوڵی بەھێزی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان کردەوە و ھاوڕابوون لەسەر ھەمەھەنگی و پەیوەندی زیاتری نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، لە پێناوی پاراستنی کوردستان و خزمەتی زیاتری ھاووڵاتیان.
عەلی حوسێن ئومێدی خواست ئەم یادە بێتە ھۆی پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لای خۆیەوە محەممەدی حاجی مەحموود خۆشحاڵی و سوپاسگوزاری خۆیی و ھەڤاڵانی بە پیرۆزبایی و سەردانی شاندی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربڕی.
