Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحموود محەمەد: هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە

ھەولێر-KDP. info-  مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە. راشیگەیاند، بە پێویستی دەزانین ئەم ئاستەنگانەی لەبەردەم کاراکردنەوی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت هەیە نەیانهێڵین.

مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە و ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لە دوای هەڵبژاردنەوە هەوڵەکانمان بۆ ئەم مەبەستە چڕکردووەتەوە و ئێستاش هەر بەردەوامین، چونکە بە پێویستی دەزانین ئەم ئاستەنگانەی لەبەردەم کاراکردنەوی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت هەیە نەیانهێڵین.

گوتیشی: هەوڵەکانمان بۆ ئەوەشە، ئەو متمانەی هاووڵاتییان بە پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانیان داوە، لە پێناو کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت، جێبەجێ بکەین، هەربۆیە هەوڵەکانمان بەردەوام بووە و لەمەودواش هەر بەردەوام دەبن.

لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان، مەحموود محەمەد گوتی: گرنگە کۆبوونەوە کە دەکرێت دەرنجامێکی هەبێت، نەک کۆبوونەوە لە پێناوی کۆبوونەوە بێت، هەربۆیە کۆبوونە کە دەکرێت دەبێت بە ئاراستەی ئەوە بێت کە پەیامێک بە خەڵکی کوردستان بگەیەنین و بە کرداریش جێبەجێ بکەین.

گوتیشی: ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان بڕوامان وایە پێویستە لە دوای کۆبوونەوەیەک کە دەکرێت، کارێک بكرێت، بۆیە ئێستا چاوەڕێی ئەوەین رێکخستنێک بکرێت بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی بە ئەنجام بکرێت، هەوڵەکانیش لەلایەن ئێمە و هەندێک لەلایەن و کەسایەتییەکانەوە بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامە.