Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا فایق بۆ KDP.info: بەغدا و هەرێم لە گفتوگۆدان بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری

هەولێر-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەییی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێ، هەوڵی جدی لەگەڵ وڵاتان دراوە بۆ کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کێڵگە نەوتییەکان و پاڵاوگەکان.

لیوا فایق ئەنوەر مزووری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەییی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "دۆخی ئەمنیی عێراق بەگشتی باشە و هێزە ئەمنییەکان سنوورەکانیان بە هێز، لێدانی خەندەق و دانانی کامێرای حەراری باش کۆنترۆڵ کردووە، لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیش سنوورەکان باش تۆکمە و کۆنترۆڵ کراون و ئەو دەنگۆیانەی باسی جموجۆڵی هێز دەکەن، ئاسایین و پەیوەندییان بە سەقامگیریی ناوچەکەوە نییە، هەروەها لە ئێستادا کار دەکرێت بۆ ئەوەی لە عێراقدا چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت."

لیوا فایق ئەنوەر مزووری گوتیشی، "ڕێککەوتنێک لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کراوە و کار لەسەر کڕینی سیستەمی بەرگری دەکرێت تا دابین بکرێت و هەرێمی کوردستان، پاڵاوگەکان و کێڵگە نەوتییەکان پارێزراو بن. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ وڵاتان لە گفتوگۆدان بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری، هەر کاتێک گەیشتنە ڕێککەوتن دابین دەکرێت، چونکە حکوومەتی عێراق بۆ داهات پشت بە هەرێمی کوردستان دەبەستێت و دابینکردنی ئەوەش لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە."

 

بڵند ئیبراهیم