Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری ناوخۆ: جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا دەکەینەوە

هەولێر-KDP.info- وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و سەردار یوکسەل، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا، جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا کردەوە و سوپاسی پشتیوانییەکانی ئەڵمانیای کرد بۆ هەرێم.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و سەردار یوکسەل، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا کرد.

لە دیدارەکەدا، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی بەو سەردانە دەربڕی و بە بۆنەی ٢١ەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پیرۆزبایی گەرمی لە موسا ئەحمەد و تەواوی کارمەند و خۆبەخشانی دەزگاکە کرد.

هەر لە چوارچێوەی دیدارەکەدا، وەزیری ناوخۆ بەگەرمی بەخێرهاتنی سەردار یوکسەل، پەرلەمانتاری ئەڵمانیای کرد و لە ڕێگەیەوە سوپاس و پێزانینی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی گەل، حکوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا کرد بۆ ئەو هاوکاری و پشتیوانییە بەردەوامانەی لە ماوەی ڕابردوودا پێشکەشی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

لای خۆشیەوە، ڕێبەر ئەحمەد جەختی لە گرنگیی بەردەوامی و زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییە مێژوویی و هەماهەنگییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیای لە بواری جیاوازدا کردەوە.