Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری پۆلیس بۆ KDP.info: ڕێژەی تاوان لە هەولێر ڕووی لە دابەزین کردووە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی هەماهەنگیی نێوان هێزە ئەمنییەکان، هاوکاریی هاووڵاتیان و بەرزبوونەوەی ئاستی متمانە بە دەزگا تەناهییەکان، ڕێژەی تاوان لە پارێزگای هەولێر بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە. دەشڵێ، کۆمەڵێک تۆمەتبار و تاوانبارمان دەستگیر کردووە کە پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە و بە هەر هۆکارێک بێت دەستگیر نەکرابوون.

عەمید کامل بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەردەوامە لە تۆمارکردنی سەرکەوتنی مەیدانی لە بواری دەستگیرکردنی تۆمەتباران و سەپاندنی سەروەریی یاسا و ئاماژەی بەوە دا، هێزەکانی پۆلیس وەک هەمیشە بە وردی ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن.

عەمید کامل بەرزنجی هێمای بۆ ئەوەش کرد، هێزەکانی پۆلیس هاوشان لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەرکە ئەمنییەکان، بڕیارەکانی دادگا و دادوەریش بە تەواوی جێبەجێ دەکەن و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "ڕێگە نادرێت هیچ کەسێک لە یاسا بەرزتر بێت".

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر هەروەها ئاشکرای کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک تۆمەتبار و تاوانبار، کە پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنیان دەرچووبوو و دەستگیر نەکرابوون، بەپێی بڕیارەکانی دادوەری لێکۆڵینەوە دەستگیر کراون و خراونەتە بەردەم دادگا.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، بەرزنجی ئاماژەی بەوە کرد کە هۆکارەکانی تاوان جۆراوجۆرن، بە تایبەتی لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و پەرەسەندنی ئامرازە دیجیتاڵییەکان، بەڵام بەهۆی چاودێریی بەردەوامی هێزەکانی پۆلیس و هەماهەنگییەکی تەواو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکە، ڕێژەی تاوان لە هەولێری پایتەخت بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە.

لە کۆتاییدا جەختی لەوەش کردەوە کە، ئەگەرچی ڕۆژانە هەندێک حاڵەتی سەرپێچی و تاوان ڕوودەدەن، بەڵام هێزەکانی پۆلیس لە کەمترین ماوەی پێوانەییدا ئاشکرایان دەکەن و تۆمەتباران دەخەنە بەردەم دادگا، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش، سەپاندنی سەروەریی یاسا و پاراستنی مافەکانی هاووڵاتیان.

 

ئومێد بابان