Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی کونسوڵخانەی گشتی کۆماری کۆریای کرد

ھەولێر-KDP.info-  شاندێکی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەمەبەستی پیرۆزبایی و بەخێرهێنانی بەڕێز ئێون گیۆ شیم (H.E. Mr. Eoon Gyo Shim)، کونسوی گشتی نوێی کۆماری کۆریا، سەردانی کونسوڵخانەی گشتی کۆماری کۆریای لە هەرێمی کوردستانی کرد و هیوای سەرکەوتنیان لە ئەرکی نوێی وەک کونسوڵی گشتی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بۆ خواست.

 لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لا سەرنجیان خستە سەر پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانەی نێوان کۆماری کۆریا، عێراق و هەرێمی کوردستان.

هاوکات باس لە هاوبەشییە مێژوویی و هاوشێوەییەکانی نێوان گەلی کورد و گەلی کۆریا کرا، بەتایبەتی لە بواری خۆڕاگری، بەردەوامی و ئیرادەی هاوبەشییان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، ئاسایش و گەشەپێدان.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان سوپاسی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاری و پشتگیریی بەردەوامی کۆماری کۆریا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و بە پێزانینێکی زۆرەوە ئاماژەیان بە بەشدارییە گرنگەکانی  کۆریا کرد لە بوارەکانی یارمەتیی مرۆیی، بنیاتنانەوە، گەشەپێدانی ئابووری و دروستکردنی توانا لە دوای ساڵی 2003. 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لا باسی دەرفەتەکانی فراوانکردنی هاوکاریی دوولایەنەیان لە بوارەکانی بازرگانی، وەبەرھێنان، پەروەردە، کولتوور و گەشەپێدانی ئابوورییان کرد و دووبارە جەختیان لەسەر پابەندبوونی هاوبەشییان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و پاراستنی ئاستی بەرزی هاوڕێیەتی و هاوکاری لەنێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆماری کۆریا کرد و دڵنیاییان دەربڕی کە ماوەی کارکردنی کونسوڵی گشتیی نوێ هۆکارێکی گرنگ دەبێت بۆ پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە.