Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری پەروەردە: ئەنجوومەنی وەزیران داوای ڕوونکردنەوەی زیاتریان لەسەر ئەم بابەتە کردووە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ڕیفۆرم لە خوێندنی پیشەیی قۆناغی ئامادەیی دەكەین، هاوكات باس لە وادەی دەستپێكردنی خوێندنی ئەمساڵیش دەكات.

دکتۆر ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ''دەست بە چاکسازی لە شێوازی خوێندن و پرۆگرامی خوێندنی پیشەیی لە قۆناغی ئامادەیی دەکرێت، بەڵام تا ڕادەیەک هێواش و ئامانجدارە و بەپێی بازاڕی کار پسپۆری و پیشەکان فراوان دەکرێت، لە قۆناغی یەکەمدا 32 پیشە دیاریکراوە، بەڵام 15 پیشەیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندن دەخوێندرێت.

وەزیری پەروەردە گوتیشی، ''پڕۆژەیەکمان پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەی قۆناغی 12ـی ئامادەیی لە خوێندنی پیشەیی لەم ڕیفۆرمەدا بۆ ناو ناوەندەکانی خوێندن بگەڕێتەوە، ئەو قوتابیانەش کە نایانەوێ تاقیکردنەوەی وزاری بکەن، ئەوا بۆیان نەبێت داوا پێشکەشی زانکۆکان بکەن، تەنیا بڕوانامەی شەشی ئامادەیی وەربگرن، ئەنجوومەنی وەزیران داوای ڕوونکردنەوەی زیاتریان لەسەر ئەم بابەتە کردووە و هێشتا ڕەزامەندیان نەداوە.

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن، دکتۆر ئالان حەمەسەعید گوتی، ''ئەنجوومەنی وەزارەت لە کۆتایی مانگی هەشت و سەرەتای مانگی نۆ کۆدەبێتەوە، بەگوێرەی ئەو ڕەشنووسەی بەڕێوەبەرایەتی ئەزموونەکان و پڕۆگرامەکان ئامادەی دەکەن  بڕیاری لەسەر دەدرێت، بۆ ئەمەش کات ماوە.

وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستا دروستكردنی 31 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی جێبەجێکردندان، 19 قوتابخانەیان تەواو بووە، هەروەها چوار قوتابخانەشیان 99%ـی کارەکانی تەواو بووە، بۆ دەستپێکی خوێندنی ئەمساڵ زیاتر لە 20 قوتابخانەیان دەکەونە خزمەتەوە.