Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قایمقام بۆ KDP.info: ڕەوشی ئەمنیی گوندە سنوورییەکانی باتۆفە سەقامگیرە و پڕۆژەکانیش بەردەوامن

زاخۆ-KDP.info- قایمقامی قەزای باتۆفە ڕایگەیاند، لە چەند ساڵی ڕابردوودا ٤٦ پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سنووری قەزای باتۆفە ئەنجام دراون. گوتیشی، ڕەوشی ناوچە سنوورییەکانی قەزاکەش بەراورد بە ڕابردوو زۆر سەقامگیرتر بووە.

فەرھاد مەحموود، قایمقامی قەزای باتۆفەی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لە دوو بۆ سێ ساڵی ڕابردوودا ٤٦ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای باتۆفە ئەنجام دراون و بەشێک لەو پڕۆژانە کەوتوونەتە خزمەتی ھاووڵاتییان. بەشێک لە پڕۆژەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە قەزاکەمان پڕۆژەی ستراتیژین، وەک پڕۆژەی ئاو، ڕێگەوبان و چەندینی دیکەش. لە پلاندایە ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش لە باتۆفە جێبەجێ بکرێن، وەک دروستکردنی یاریگا و پڕۆژەی لە بواری جیاوازدا."

قایمقامی قەزای باتۆفە دەشڵێت، "بەشێک لە گوندەکانی قەزاکە دەکەونە سەر سنوور و لە دوای ڕاپەڕینەوە بەھۆی ئاڵۆزییەکانی سنوورەوە ئاستەنگی ئەمنی ھەبوو، بەڵام لە ئێستادا ڕەوشی ئەمنیی گوندەکانی سەر سنوور سەقامگیرتر بووە، ئەو گوندانەی پێشتر گوندنشینان بە ترسەوە سەردانیان دەکرد، ئێستا زۆر بە ئارامی ھاتووچۆی دەکەن و مەترسیی نەماوە."

پەیوەست بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی قەزاکەدا، فەرھاد مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "بەھۆی نەبوونی زەویی ئامادەکراو، فەرمانبەرانی قەزای باتۆفە لە سەنتەری شاری زاخۆ سوودمەند بوون لە وەرگرتنی پارچە زەوی. ھەروەھا ھەر فەرمانبەر، پێشمەرگە و خانەنشینێک ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەبێت، سوودمەند دەبێت لە بڕیاری پێدانی زەوی."

 

قائید میرۆ