Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک لە بارەگای پارتی حەوت خاڵ بۆ یەکڕیزیی کورد ڕادەگەیەنن

کەرکووک-KDP.info- لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە شاری کەرکووک دوای کۆبوونەوەیەکی فراوان، ڕاگەیەنراوێکی حەوت خاڵییان بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە یەکڕیزیی ماڵی کورد، وەرگرتنەوەی پۆستە لەدەستچووەکان و ڕێگریکردن لە هەر ڕێککەوتنێکی تاکلایەنە دەکەنەوە لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، بە مەبەستی یەکخستنی گوتاری سیاسی و هەڵوێستی کورد لەسەر پرسە نەتەوەییەکان، کۆبوونەوەیەکی فراوانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک لە بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو. دوای تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی شارەکە، سەرجەم لایەنەکان لەسەر حەوت خاڵی سەرەکی ڕێککەوتن.

بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆتاییی کۆبوونەوەکە، لایەنەکان بڕیاریان داوە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بێت و هەوڵی جدی بدەن بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو پۆستە کارگێڕییانەی پشکی کورد بوون و لە ڕابردوودا لەدەست دراون. هەروەها هۆشدارییان داوە لەوەی نابێت لە پێناو پۆستێکی کارگێڕی یان بەرژەوەندیی تەسک، ماڵی کورد پەرتەوازە بکرێت و دەرئەنجام پۆستەکانیش لەدەست بدرێن.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "دەنگی پێکهاتەی کورد لە شارەکە زۆرینەیە و پێویستە ڕێز لەم سەنگە بگیرێت، نابێت هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ پێکهاتەکانی تر بکرێت ببێتە هۆی نیگەرانکردنی شەقامی کوردی و لێکدابڕانی یەکڕیزیی کورد". 

لایەنەکان جەختیان لەوەش کردووەتەوە، کێشەی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کێشەی خاکە لەگەڵ دەسەڵات، بۆیە یەکدەنگی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان بە پێویست دەزانن.