Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیارێکی گرنگ لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە تایبەت بە هەژمارکردنی خزمەتی سەربازیی پێشمەرگە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی بە هەژمار کردنی خزمەتی سەربازی ساڵێک بە دوو ساڵ. 

بەگوێرەی نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیران کە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە، ڕەزامەندی درا لەسەر هەژمارکردنی خزمەتی سەربازی لە ساڵی 1961 تاوەکو 2023، ساڵێک بە دوو ساڵ بەمەرجێک خانەنەنشینی ئەو ساڵانە لە مووچەی بنەڕەتی بدەنەوە.

هەر پێشمەرگەیەک پێویستە سەدا 10ی مووچەی بنەڕەتی 10ساڵ بداتەوە کە دەکاتە 3 ملیۆن و 936 هەزار دینار، ئەفسەرەکانیش 6 ملیۆن و 336 هەزار. 

ڕێنمایی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هەژمارکردنی خزمەتی دووساڵی:

سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کردووە، تێیدا هاتووە بە پشتبەستن بە یاساکانی ژمارە (18ی ساڵی 2011)، (34 و 38ی ساڵی 2007) و (9ی ساڵی 2014)، ڕێکاری نوێی بۆ هەژمارکردنی خزمەتی دووچەندانە (بۆ مەبەستی خانەنشینی) بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ پەسەند کرا:

1. هێزەکانی پێشمەرگە:

•    1961/09/11 تا 1991/03/05: بەپێی یاسای ژمارە 38ی ساڵی 2007 بۆیان هەژمار دەکرێت.

•    لە 1991/03/06 بەدواوە: هاوشێوەی وەزارەتی بەرگری عێراق خزمەتەکەیان بە دووچەندانە بۆ هەژمار دەکرێت.

2. وەزارەتی ناوخۆ (ئاسایشی ناوخۆ):

•    ماوەی نێوان 1992/07/04 تا 2003/04/09 پرۆسەی ئازادی عێراق.

•    ماوەی نێوان 2003/04/10 تا 2017/11/01 شەڕی دژی تیرۆر و داعش.

•    ماوەی نێوان 2020/03/08 تا 2023/11/05 ماوەی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.

3. ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش:

•    لە ڕێکەوتی 1992/07/04ـەوە تاوەکو کۆتاییهاتنی ڕاژەکانیان، خزمەتەکەیان بە دووچەندانە هەژمار دەکرێت.

ئەو مەرجانەی ڕەچاو دەکرێن:

•    گواستنەوە بۆ کەرتی شارستانی: ئەو پێشمەرگە و ئەفسەرانەی ڕاژەکەیان گواستووەتەوە بۆ فەرمانگەی شارستانی، خزمەتی دووچەندانەیان بۆ هەژمار ناکرێت.

•    گواستنەوە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان: ئەوانەی لە نێوان (پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایش) دەگوازرێنەوە، مافی هەژمارکردنی خزمەتەکەیان بەپێی تایبەتمەندی یەکەکانیان پارێزراوە.

•    ئارەزوومەندانەیە: هەژمارکردنی ئەم خزمەتە ناچاری نییە، پێویستە کارمەند یان ئەفسەرەکە خۆی داواکاری پێشکەش بە فەرمانگەکەی بکات.

•    کاتی جێبەجێکردن: ئەم بڕیارە لە ڕێکەوتی 2024/12/31ـەوە هەژمار دەکرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.