Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەمڕۆوە تابلۆی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان نیشانەیەکی تایبەتیان بۆ زیاد دەکرێت

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، لەمڕۆوە تابلۆی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان نیشانەیەکی تایبەتیان بۆ زیاد دەکرێت، ئامانجیش لێی ناسینەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە لە کاتی ڕووداوەکاندا بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، موقەدەم هێمن حەمەدەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان (EV)، بڕیاریان دا هەنگاوێکی نوێ و پێشکەوتوو بنێن کە هاوتایە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

گوتەبێژی هاتوچۆ ئاماژەی بەوە کرد، کە لەمڕۆوە هێمایەکی تایبەت بە کارەبا (شێوەی بروسکە) بۆ تابلۆی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان زیاد دەکرێت. ئەم نیشانەیە یارمەتیدەر دەبێت تاوەکو ئەو ئۆتۆمبێلانە لەسەر شەقامەکان بە ئاسانی بناسرێنەوە.

هێمن حەمەدەمین جەختی لەوە کردەوە، کە هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارە لایەنی سەلامەتییە گوتیشی، "لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو یان ئاگرکەوتنەوەدا، تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە ڕێگەی ئەم نیشانەیەوە دەزانن کە ئۆتۆمبێلەکە کارەباییە، چونکە شێوازی کوژاندنەوەی ئاگری باتریی ئەم ئۆتۆمبێلانە جیاوازە و پێویستی بە ماددەی تایبەت هەیە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر مژدەی ئەوەی دا، کە گۆڕینی تابلۆکان و زیادکردنی ئەم نیشانەیە بەبێ بەرامبەر (بە خۆڕایی) دەبێت و هیچ بڕە پارەیەک لە شۆفێران وەرناگیرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە داهاتوودا ئەم نیشانەیە ئاسانکاری دەکات بۆ دیاریکردنی شوێنی وەستانی تایبەت و وێستگەکانی شەحنکردنەوە بۆ ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە.