پیرمام-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی ئابی ٢٠٢٦، لە پیرمام، دکتۆر هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە هۆڵی ڤێر، کونسولی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر هێمن هەورامی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک کونسولی گشتیی بەریتانیا، پیرۆزبایی گەرمی لێکرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست.
لە تەوەرێکی سەرەکیی دیداری نێوانیاندا، هەڵوێست و سیاسەتی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، هۆکارەکانی چەقبەستوویی سیاسی و ڕێگەچارەکانی تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە ڕوونکرانەوە. لەو چوارچێوەیەدا جەخت لەوە کرایەوە کە کلیلی چارەسەرکردنی گرفتەکان بریتییە لە پرۆسەیەکی هاوتەریبی گفتوگۆ و دیالۆگی بەردەوامی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، کاراکردنەوەی پەرلەمان، و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ئیمزا کراوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئاڵوگۆڕی بیروڕا و شیکردنەوەی پێویست دەربارەی ڕەوشی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی عێراق و ناوچەکە کران، بە تایبەتی تاوتوێی دۆخی نە جەنگ و نە ئاشتی و لێکەوتەکانی لەسەر ئارامیی ناوچەکە کرا.
