قەڵادزێ-KDP.info- لقی ١١ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەڵادزێ خولی ڕۆشنبیری ١٦ی ئابی کۆتایی پێهێنا کە لەلایەن بەشی پێگەیاندن و ڕاگەیاندنی لقەوە بۆ کادرانی ناوچەکە ڕێکیخستبوو.
بە ئامادەبوونی کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشداریی دەستەی کارگێڕی و ئەندامانی لق، مەڕاسیمی تەواوبوونی خولی ڕۆشنبیری ١٦ی ئاب لە لیژنەی ناوچەی قەڵادزێ بەڕێوەچوو. ئەم خولە لەلایەن بەشی پێگەیاندن و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی لقی ١١ی پارتی ڕێکخرابوو.
لە وتارێکدا، کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی ١١ باسی لە گرنگیی ئەنجامدانی ئەم جۆرە خولانە کرد و ڕایگەیاند کە پێگەیاندن و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و سیاسیی کادران پێویستییەکی ھەمیشەیی حزبە. ناوبراو جەختی لەسەر بەردەوامیی ئەم چالاکییانە کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ڕۆڵێکی کاریگەریان لە گەشەپێدانی توانا و زانیاریی کادراندا ھەیە.
ھەروەھا ناوبراو جەختی کردەوە کە کادری حزب دەبێت بەردەوام ھەوڵی خۆپەروەردەدان بدات و بەدوای سەرچاوەی جۆراوجۆری زانیاری و فێربووندا بگەڕێت، چونکە بەدەستھێنانی زانیاری و تێگەیشتنی سیاسی پرۆسەیەکی بەردەوام و بێکۆتاییە و ھەمیشە پێویستی بە نوێکردنەوە ھەیە. لە کۆتایی مەڕاسیمەکەشدا، بڕوانامە و سوپاسنامە پێشکەشی مامۆستایان و بەشداربووانی خولەکە کرا.
