زاخۆ-KDP.info- به‌ڕێوەبه‌ری گشتی گه‌شتوگوزاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ گوتی "له چوارچێوه‌ی گرنگیدانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به كه‌رتی گه‌شتیاری، ئاماده‌كاری بۆ قۆناغی سێیه‌می كۆڕنیشی زاخۆ دەکرێت و دووه‌م گه‌وره‌ترین نافوره‌ش له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ست به دروستكردنی ده‌كرێت.
چیا ئه‌مین، به‌ڕێوەبه‌ری گشتی گه‌شتوگوزاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "دوای ته‌واوبوونی قۆناغی یه‌كه‌می كۆڕنیشی زاخۆ، قۆناغی دووه‌م ده‌ستی پێكرد، قۆناغی یه‌كه‌م 2كم بوو و قۆناغی دووه‌میش 3كم دەبێت، ئه‌ویش 98%ی ته‌واوبووه و له ڕۆژانی داهاتوو ئه‌ویش ته‌واو ده‌بیت، ئاماده‌كاریش بۆ ده‌ستپێكردنی قۆناغی سێیه‌م کراوە کە 2كم ده‌بێت، كه هه‌ر قۆناغێكیش دوای قۆناغی دیكه فراوانتر ده‌كرێت، پێشتر گه‌شتیار ده‌هاتن بۆ زاخۆ ئۆتێل و شوێنی مانه‌وه و خواردنگه كه‌مبوو، ئێستا به‌هۆی كۆڕنیشی زاخۆ و قشله و شوێنه‌كانی دیكه ڕێژه‌ی گه‌شتیار به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر زیادی كردووه، چونكه زاخۆ له‌ڕووی گه‌شتیاری به‌ده‌یان ساڵ چۆته پێشه‌وه و خه‌ڵك به‌رده‌وام بۆ گه‌شت سه‌ردانی ده‌كه‌ن."
چیا ئه‌مین گوتیشی "بڕیاره پێش ده‌ستپێكردنی قۆناغی سێیه‌می كۆڕنیشی زاخۆ، گه‌وره‌ترین نافوره له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست درووست بکرێت، كه هاوشێوەی ته‌نیا له ئیمارات هه‌یه و ئاگر و ئاو و لێزه‌ر له‌ناو یه‌كدان و 35مه‌تر به‌رزده‌بێته‌وه، بۆیه ده‌بێته تاكه نافوره له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دوای ئیمارات، ژێره‌وه‌شی ده‌بێته پاركی وه‌ستانی ئۆتۆمبێل كه 400مه‌تره، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكی زۆر گرنگه بۆ ڕاكێشانی زیاتری گه‌شتیار بۆ زاخۆ."
بڵند ئیبراهیم