Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆمیسیۆن بۆ KDP.info: پرۆسەکە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی تر ناگرێتەوە

دهۆک-KDP.info- کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرگای گواستنەوەی بنکەکانی دەنگدانی لە ناوخۆی پارێزگاکاندا بۆ دەنگدەران کردەوە. لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەری لقی دهۆکی کۆمیسیۆن ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەکە تەنیا لە سنووری یەک پارێزگادایە و ڕێگە بە گواستنەوە لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر دراوە.

خالید عەباس، بەڕێوەبەری لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "گواستنەوەی دەنگدانی کەسی دەستی پێکردووە. دەنگدەران دەتوانن سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردنی بایۆمەتری بکەن بۆ گۆڕینی بنکەی دەنگدانیان بۆ هەر قوتابخانەیەکی ناو سنووری پارێزگاکەیان، پرۆسەکەش تا وادەی هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت."

سەبارەت بە مەرجەکانی پێشکەشکردنی داواکارییەکە، بەڕێوەبەری لقی دهۆک ڕوونی کردەوە، هەر دەنگدەرێک سەردانی ناوەندەکانی کۆمیسیۆن دەکات، پێویستە کارتی دەنگدان، کارتی نیشتمانی، و کارتی زانیاری پێبێت تا کارمەندان بەپێی داواکارییەکەی شوێنەکەی بۆ بگۆڕن.

خالید عەباس جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەکە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی تر ناگرێتەوە و گوتی، "گواستنەوە لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی تر ناکرێت، بۆ نموونە، دەنگدەری پارێزگای هەولێر ناتوانێت دەنگەکەی بگوازێتەوە بۆ دهۆک. پرۆسەکە تەنیا لە چوارچێوەی شار، ناحیە و ناوەندی هەمان پارێزگادایە کە ناوی تێیدا تۆمار کراوە."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری لقی دهۆکی کۆمیسیۆن ئاماژەی بە تۆمارکردنی دەنگدەرە نوێیەکان کرد و ئاشکرای کرد، لە مانگی نیسانی ٢٠٢٦ەوە تۆمارکردنی لەدایکبووانی ساڵی ٢٠٠٨ دەستی پێکردووە. تا ئێستا لەسەر ئاستی عێراق نزیکەی ٣٠ هەزار کەس تۆمار کراون، کە زۆرینەیان لە پارێزگای دهۆک بوون و ژمارەیان دەگاتە ٨ هەزار کەس.

 

عەزیز ڕەسووڵ