Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری پەروەردە بۆ KDP.info باسی ڕێکخستنەوەی میلاکات و تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم دەکات

هەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی خولی دووەم لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێن. ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی میلاکاتن بۆ ساڵی نوێی خوێندن تاوەکو گرفتی کەمیی میلاک چارەسەر بکەن.

د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "بۆ دانانی وانەبێژی تازە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، ئێمە پڕۆسەی وانەبێژیمان نەماوە، چونکە لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٤ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا ٣٧ هەزار و ٩٣٣ مامۆستای وانەبێژ بکرێنە گرێبەست، بەوەش پڕۆسەی وانەبێژی نەماوە و پڕۆسەی 'لەجیاتی دابینکردن' هەیە، هەر کەسێک لە مامۆستایانی گرێبەست واز بهێنێت، وانەبێژێکی دیکە کە پێشتر ئەزموونی هەبووە لە شوێنی دادەنرێت."

گوتیشی، "لەبەر ئەوەی بەهۆی خانەنشینبوون، مۆڵەتی دایکایەتی و مۆڵەتی دیکەوە کەمیی میلاک دروست دەبێت و دامەزراندنی نوێش نییە، بە هەوڵی پەروەردەکان لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی میلاکاتدا ئیدارەی ئەوە دەکەین، ڕێنمایی میلاکاتیشمان بە شێوازێکی دادپەروەرانە بۆ هەموو پەروەردەکان ناردووە."

لەبارەی بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست، وەزیری پەروەردە جەختی کردەوە، "مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان جێگەی ڕێزن و خزمەتێکی زۆریان بە بواری پەروەردە کردووە. بۆ ئەوەی بکرێنە هەمییشەیی، خۆم دوو جار چوومەتە بەغدا و هەموو زانیارییەکانمان بۆ ناردوون، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەبووە کە ئەوە مافی خەڵکی کوردستانە، بۆیە چاوەڕێی بودجەی تازەی عێراق دەکەین. حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە پشتگیری لە بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان دەکەن و درێغی ناکەن."

سەبارەت بە تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەییش، د. ئالان حەمەسەعید گوتی، "بۆ تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم، لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی پەروەردە خشتەی داناوە و ڕۆژێک نا ڕۆژێک تاقیکردنەوە دەکرێت و دوا ناخرێت، کە لەم مانگەدا دەست بە تاقیکردنەوەکان دەکرێت."

 

بڵند ئیبراهیم