Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاگەیاندنی کوردستان لەبەردەم بەرپرسیاریەتی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسیدا

عرفان عەزیز 

یەکێک لەو گرفتانەی لەبەردەم پڕۆسەی سیاسی و دەوڵەتداری و ئاسایشی نەتەوەییدایە لە کوردستان، بەکارھێنانی ڕاگەیاندنە وەک چەکێکی سیاسی ئاراستەکراو بۆ شێواندنی وێنەی ڕاستەقینەی سیاسی بەتایبەت لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ئەم چەمکە کاری لەسەر شێواندنی وێنەی سیاسی کردووە و بووەتەوە بەڵا بەسەر ئاساشی کۆمەڵایەتیشەوە چونکە بەشێک لە شێواندنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە کوردستان بەھۆی ڕاگەیاندنەوە بووە، بۆیە ئەمانە پێویستیان بە دووبارە داڕشتنەوە و ڕێکخستنەوە ھەیە پێش ھەموو دەستەو ڕێکخراو ناوەندە پیشەییەکان دەبێت ھێزە سیاسییەکانی کوردستان کە خۆیان بەخاوەنی دەسکەوتەکانی کوردستان دەزانن شان بدەنە بەردەم بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی بەوەی چیتر پەنا نەبرێتە بەر ڕاگەیاندن بۆ دەستشکانەوەی سیاسی یان خۆیان بەربەستن بن لەوەی ڕێگا نەدەن ڕەوتی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن پێناسەیەکی پیشەییانەتری بۆ دابنرێت.

بەداخەوە لەگەڵ گرژی سیاسی لەنێوان ھێزە سیاسییەکان، ئاستی توندوتیژی میدیایی و بەزاندنی سنوورەکانی دەبێتە چەکی ڕۆژانە و بەوھۆیەوە لەجیاتی ئەوەی پەیوەندیە سیاسییەکان بەرەوپێشەوە بڕۆن کەچی دۆخەکە خراپتر دەکەن، ئێستا بۆ خەڵکی کوردستان ڕوون بووەتەوە کە چیتر باوەڕ بەو میدیایانە نەکەن کە دەیانەوێت لەدژی قەوارەی دەستووری کوردستان و حکوومەت و سەروەریەکانی وڵات ئاراستە دەکرێن چونکە دواجار ئەوەی بە گوتاری میدیایی تێک دەدرێت بەمیکانیزمی گوتار چاک ناکرێتەوە، دەبێت ھێزە سیاسییەکان ئەم ھەڵانە ڕاست بکەنەوە، بۆیە پێش ئەوەی ئەمە ڕووبدات دەبێت بەھەموو لایەکەوە بیر لەوە بکەنەوە میدیا نەکەنە ئامرازی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی بەڵکو دەبێت ڕۆڵی گرنگی ھەبێت وەک دەسەڵاتی چوارەم لە ھۆشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگا.

لە خولی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان لەبەردەم بەرپرسیاریەتی گەورەی ئەخلاقیدان بەوەی چۆن بەپێی یاسا ڕێرەوی کاری میدیایی لە کوردستان ڕاست بکرێتەوە بە ئاراستەی پشتیوانی ئاسایشی نەتەوەیی بەوەی یاسایەکی مۆدێرن و سەردەمیانە ئامادە بکرێت و لە چوارچێوەی یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی ھەموار بکرێتەوە و ئەم جۆرە لە فەوزایە لە کوردستان لە بواری میدیا ڕاست بکرێتەوە، بۆ ئەمە ڕۆڵی ڕێکخراوەکان و خودی میدیاکارە پڕۆفیشناڵەکان زۆر گرنگە کە کەش و ھەوایەکی وا ئامادە بکەن بۆ تێپەراندنی ئەم یاسایە کە لەلایەن ھیچ ھێزو لایەنێکەوە نەکرێتە ئامرازی سیاسی و ڕێگری لەبەردەم بکرێت.

لە ھەموو جیھانی نوێدا میدیا بەشێوەی سەردەمیانە و لەگەڵ ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەت خۆگونجاندنی بۆ کراوە، لە تورکیا تەواوی تۆڕەکۆمەلایەتییەکان لە چوارچێوەی یاسایەکی تایبەت داڕێژاوەتەوە کە کەس لەخۆیەوە نەتوانێت گوتاری ئاراستەکراوی میدیایی ھەبێت کە کاریگەری خراپ لەسەر ئاسایشی وڵات بکات بۆ تەواوی دەوڵەتانی کەنداویش ھەمان شتە بۆیە چەمکی میدیا ئەگەر نەتوانرا لەگەڵ ئاسایشی نەتەوەیی ڕێکبخرێتەوە، دواجار دەبێتە چەکێکی کوشندە تەواوی کۆمەڵگا و ئاسایشی نەتەوەیش دەخاتە ژێر ھەڕەشەوە، باوەڕ ناکەم ھیچ کاتێک بەقەد ئێستا کۆمەڵگای کوردستان ئامادەی ئەوەی ھەبێت ئەم چەمە میدیاییە ڕاست بکرێتەوە، چونکە ھەر تاکێکی کوردستان لەبەردەم ھەڕەشەی میدیادایە بە بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆ لە پێناوی بازاڕی میدیایی نەک گەیاندنی پەیامی میدیایی ئەمەش دواجار سەر دەکێشێتە بەردەم تێکدانی بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافی تاکەکانەوە.

بەداخەوە بەشێک لەو ئامرازە میدیاییانە، ئێستا وەک ھەڕەشە بۆ ئابووری کوردستانیش دەبینرێت، چونکە چەندە میدیا کاریگەرە لەسەر ئاراستەی سیاسی ئەوەندەش لە پرسی ئابووری کاتێک میدیا دێت وێنەی خراپ لەسەر دۆخی وڵات نیشانی جیھان دەدات و نائارامی دروست دەکات چاوەڕوانی ئەوە ناکرێت کە کەشێکی ئارام بۆ سەرمایەداری بیانی و گەشتیار دروست بکرێت، بە پێچەوانەوە کاریگەرە خراپەکانی دەرھاوێشتەی لەسەر ئابووری و بازرگانیش دەبێت و تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگاش بەھەمان شێوە دەکەونە بەردەم ترسەوە.