Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە بەشداریی مەلا مستەفا بارزانی یادی ٤٣ ساڵەی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانییەکان بەڕێوەچوو

هەولێر-KDP.info- بە بەشداریی مەلا مستەفا بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و ئەکادیمی، مەڕاسیمی یادی ٤٣ ساڵەی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانییەکان لە سەنتەری ڕۆشنبیریی زانکۆی سەڵاحەددین بەڕێوەچوو.

ئێوارەی ئەمڕۆ، پێنجشەممە ٣٠-٧-٢٠٢٦ بە بەشداری مەلامستەفا مەسعود بارزانی، د. پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردسان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر، د. زانا مەلا خالید بەرپرسی لقی دووی پارتی، و چیا ھەرکی، یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێرو د. کامەران یونس سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین، و د. ئیدریس ھەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلتەکنیک و ژمارەیەکی تر لە سەرۆک زانکۆکان و مامۆستایان، کادر و ئەندامانی زانکۆ، مەڕاسیمی یادی ٤٣ ساڵەی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانییەکان لە سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی سەڵاحەددین بەڕێوەچوو.

ئەم مەڕاسیمە لەلایەن لێژنەی ناوچەی ئاسۆ، بە ھەماھەنگی سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەددین، ڕێکخرابوو. لە چوارچێوەی بەرنامەکەدا باس لە قوربانییەکانی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانییەکان کرا و جەخت لەسەر گرنگی پاراستنی یاد و مێژووی ئەو تاوانە گەورەیە دژ بە مرۆڤایەتییە کرایەوە.

ھاوکات، پێشانگایەکی تایبەت بە پرۆسەی ئەنفال و کۆمەڵێک تابلۆی ھونەری، کە ئەو کارەساتەیان دەخستەڕوو، پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا، ئامادەبووان دووپاتیان کردەوە کە ئەنفال و جینۆسایدی بارزانییەکان پەڕەیەکی تاریکی مێژووی گەلی کوردن و پێویستە یاد و ڕێزی قوربانییەکان ھەمیشە بپارێزرێت، ڕاستییەکانی ئەو تاوانانە بۆ نەوەکانی داھاتوو بگوازرێنەوە و ھەوڵ بدرێت ھەرگیز ئەو جۆرە تاوانانە دووبارە ڕوونەدەنەوە.