Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی مەسروور بارزانی و محەمەد حەلبووسی

ھەولێر-KDP. info-  ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تەمموزی 2026، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەش دا لەگەڵ محەمەد حەلبووسی رایگەیاند، ئەوەی پێویستە، دەبێت هاوکاریی حکوومەتی ئێستای عەلی زەیدی بکەین بۆ ئەوەی بتوانێت لەو دۆخەدا ئیدارەی ئەو هەموو  قەیرانە بکات، کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت.

سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەش دا لەگەڵ محەمەد حەلبووسی رایگەیاند، بەخێرهاتنی محەممەد حەلبووسی سەرۆکی حزبی تەقەدووم و شاندی یاوەری دەکەم.

مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەشدا،  لەگەڵ حەلبووسی باسی پەیوەندیی دوولایەنەی خۆمان و حزبی تەقەدوومان کرد، هەروەها چۆن هاوکاریی و هەماهەنگی بکەین، بەتایبەت لەو دۆخە هەستیارە و ئەو دۆخەی عێراق و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت.

سەرۆکوەزیران راشیگەیاند، ئەوەی پێویستە، دەبێت هاوکاریی حکوومەتی ئێستای عەلی زەیدی بکەین بۆ ئەوەی بتوانێت لەو دۆخەدا ئیدارەی ئەو هەموو  قەیرانە بکات، کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانی کردنی حکوومەتی فیدراڵ و ئامادەشین بۆ هەموو هاوکارییەک لەگەڵ هاوبەشانمان لە عێراق.

هەروەها محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم لە کۆفرانسە رۆژنامەوانیەکە گوتی:  بۆ درێژەدان بەو گفتوگۆیانەی پێشتر لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، هەمانبووە، ئەمڕۆ خۆشحاڵ بووم جارێکی دیکە لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوومەوە.

گوتیشی: دیدارێکمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەبێت، باس لە گرنگی پەیوەندیی بەستنی نێوان پارتە سیاسییەکان دەکەین بۆ پاراستنی شایستەکانی دەوڵەت بەڕەچاو کردنی ئەو دۆخە ئابووری و ئەمنییەی کە عێراق پێیدا تێدەپەرێت.

باسی لەوەشکرد، دووپاتی پشتیوانیمان لە حکوومەتی و فیدراڵی و سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدی کردەوە، بەجێ بە جێکردنی کارنامەی حکوومەت و پاراستنی سەقامگیریی  وڵات،  حەلبووسی دەشڵێت، ئەرکی ئێمەیە وەکو هێزی سیاسیی دوور لە کێشمەکێش و راجیایی سیاسیی کە لە رابردوو هەبووبێت، دەبێت زیاتر کار  بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان بکەین، رەنگە پێشتر راجیایی سیاسیمان هەبووبێت، بەڵام ئێستا باسی بەرژەوەندی باڵا دەکەین ئەمەش پێویستی بەوەیە یەکهەڵوێستمان هەبێت.