Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیر وادەی جێبەجێکردنی بڕیاری زیادکردنی مووچەی کرێکارانی خانەنشین بۆ KDP.info دەخاتە ڕوو

هەولێر-KDP.info- وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، دوای ئەوەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی مووچەی کرێکارانی خانەنشین بۆ ٥٠٠ ھەزار دینار دەرچوو، ھەفتەی داھاتوو بڕیارەکە دەچێتە بواری جێ بەجێکردنەوە.

کوێستان محەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پێشنیاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ دیاریکردنی کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکاران لە کەرتی تایبەت بەبڕی ٥٠٠ ھەزار دینار پەسەندکرد ھەردوو وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دارایی ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

کوێستان محەمەد گوتیشی، بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە و ھەفتەی داھاتوو ڕێنمایی دەردەکەین و بڕیارەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ٢٤-٦-٢٠٢٦ بڕیاری دەرکردووە بۆ ئەوەی مووچەی کرێکارانی خانەنشینی لە کەرتی تایبەت ببێتە ٥٠٠ ھەزار دینار.

بڵند ئیبراھیم