Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

ھەولێر-KDP.info-​ ئەنجومەنی وەزیران، ھەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانانی ڕاسپارد بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان، تێڕوانینی یەکگرتووی حکومەت و خشتەی داواکارییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٧ ئامادە بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە،٢٩ی تەممووزی ٢٠٢٦، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەدا، ئەنجومەنی وەزیران نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بەردەوامبوونی ھێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دەربڕی و بە توندترین شێوە سەرکۆنەی کرد. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە ئەم ھێرشانە، ھەڕەشەیەکی دیارن بۆ ئاسایش، سەقامگیریی، ژیانی ھاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق. ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیشی دەکاتەوە کە ھەرێمی کوردستان، ھەرگیز بەشێک نەبووە لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەڵکوو ھەمیشە پاڵپشتی ئاشتی، گفتوگۆ و دراوسێیەتی باش بووە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و وەزیری کارەبا، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دوا ھەوڵەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندییدارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین و سووتەمەنی و دەستپێکردنەوەی بەرھەمھێنانی غاز و گەڕاندنەوەی توانا بەرھەمھێنانی وێستگەکانی کارەبا بۆ ئاستی ئاسایی، پێشکەش کرد.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد کە ھەموو ھەنگاو و ڕێکارە پێویستەکان بگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانیش، چاودێرییەکی تەواوی بازاڕ و کوالێتی سووتەمەنی بکات، بۆ ئەوەی ڕێگریی لە قۆرخکاری بکرێت و کار بکرێت بۆ ھەڵگرتنی بەربەستەکان و ھەموو ئاسانکارییە یاسایی و تەکنیکییەکانیش دابین بکات بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان بە ئاسانی و بە نرخێکی گونجاو، دەستیان بە سووتەمەنی بگات.

ئەنجومەنی وەزیران ھەروەھا جەختی لە مافی دەستووریی ھەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی بەشی خۆی لە نەوتی تەرخانکراو بۆ بەکارھێنانی ناوخۆ لەسەر ئاستی عێراق کردەوە، بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان و بنەماکانی یەکسانی و ھاوسەنگی جێگیرکراو لە دەستووری عێراقدا.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، وەزیری دارایی و ئابووری، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئامادەکردنی پێشنیارەکانی بودجەی فیدڕاڵی ساڵی دارایی ٢٠٢٧ پێشکەش کرد. پاشان، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ماف و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕاڵ و چوارچێوەی دەستووریی و یاساییەکەی خستەڕوو. ھەروەھا ئاماژەی دا بە ھەموو ئەو دەقە یاساییانەی کە لە یاساکانی بودجەی پێشووی فیدڕاڵ لەمپەر بوون لە دابینکردنی بەشە بودجەی ھەرێم، وباسی لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی ھەموو ئەو کێشە و بەربەستانەی کە دەبنە ھۆی دواخستنی ناردنی مووچە کرد. سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش، میکانیزمی ئامادەکردنی خشتە و زانیارییە پێویستەکانی بودجەی پێشکەش کرد.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران، ھەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانانی ڕاسپارد کە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان، تێڕوانینی یەکگرتووی حکومەت و خشتەی داواکارییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٧ ئامادە بکەن، بە مەبەستی چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێم و لابردنی ئەو بەربەستانەی کە لە یاساکانی بودجەی ساڵانی ڕابردوودا بوونەتە ھۆی سنووردارکردنی مافە داراییەکانی ھەرێم. لەمبارەیەوە جەخت لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێم و لە نێویشیدا، دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێم بە شێوەیەکی یەکسان لەگەڵ ھەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق کرایەوە.

ھەروەھا، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردرا، لە نزیکترین دەرفەتدا، کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ساز بکات بە ئامادەبوونی وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ھەرێم، بۆ یەکخستنی ھەڵوێستەکان لە پێناو پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر پڕۆژە یاساکانی قەرزکردن، بەخشین و ھاوکاری (الاقتراچ والمنح والإعانات) و پڕۆژەی یاسای پەسەندکردنی ژمێرەی کۆتایی ساڵانی دارایی ٢٠١٢ تا ٢٠١٥ کرد.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری، وەزارەتی پلاندانان، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد ، تێبینی و سەرنجە دەستووری و یاساییەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پڕۆژە یاسایانە ئامادە بکەن و بۆ حکومەتی فیدڕاڵ و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵی بنێرن.

ئەنجومەنی وەزیران، ھەروەھا جەختی لە مافی دەستووریی ھەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی بەشی شایستەی خۆی لە ھەر قەرز، بەخشین و ھاوکارییەکی نێودەوڵەتی کردەوە کە حکومەتی فیدڕاڵ بەدەستی دەھێنێت. بەتایبەتیش کە ھەرێمی کوردستان، لە سەرەتای وەرگرتنی ھەموو ئەو قەرزە نێودەوڵەتییانە، بەشدار بووە لە گەڕاندنەوەی قەرزەکان و ئەو سوودانەی ھاتووەتە سەری، بۆیە نابێت لە کاتی دابەشکردنی قەرز و بەخشین و ھاوکارییەکاندا، مافی دەستووریی ھەرێم پشتگوێ بخرێت یان بە ھیچ شێوەیەک سنووردار بکرێت.

کۆبوونەوە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پڕۆژە یاسایانە، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ماف و بەرژەوەندییە دارایی و دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە، بۆیە پێویستە لە ھەموو قۆناخەکانی تاوتوێکردن و پەسەندکردنیاندا، دەستوور و بنەماکانی سیستەمی فیدڕاڵی و پرەنسیپی دادپەروەری و یەکسانی نێوان ھەموو ناوچەکانی عێراق، بە تەواوی ڕەچاو بکرێت.