ئامێدی-KDP.info- د. هێمن هەورامی لە سەردانێکیدا بۆ لقی ١٨ی ئامێدی، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لەگەڵ کادرانی سنوورەکە ئەنجام دا و جەختی لە پەرەسەندنی چەندایەتی و جۆرایەتیی ڕێکخستنەکانی پارتی و دوایین ڕەوشی سیاسی کردەوە.
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کار و بەرنامە و پلانەکانی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی سیاسی، ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۹ی٧ی٢٠٢٦، دکتۆر ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی بەشی ڕێکخستن، سەردانی لقی ۱۸ی ئامێدیی کرد.
دیدارەکە بە ئامادەبوونی ھەڤاڵانی یاریدەدەر، ژمارەیەک لە ئەندامانی بەشی ڕێکخستن، ھەروەھا یاریدەدەر و بەرپرسی ڕێکخستنی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دھۆک، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ بەرپرس و کارگێڕانی لق، بەرپرس و کارگێڕانی ناوچەکان و بەرپرس و کارگێڕانی ڕێکخراوەکانی سنووری لقی ۱۸ بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای خستنەڕووی دوایین ھەڵسەنگاندنی کاری ئۆرگانەکان لە ڕووی ڕێکخستنەوە، ئاماژە بە پەرەسەندنی جۆرایەتی و چەندایەتیی ڕێکخستنەکانی پارتی لە سنووری لقی ۱۸ی ئامێدی کرا. جەخت لەوەش کرایەوە کە بەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و ھەڵکشانی بەردەوامی دەنگەکان لە ۱٠ ساڵی ڕابردوودا، سەلمێنەری ئەوەن کە کادیران و جەماوەری پارتی خەمخۆرانە و دڵسۆزانە بۆ سەرکەوتنی بەردەوامی پارتی و ڕێبازی بارزانی لە تێکۆشاندابوون.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، بەرچاوروونیی پێویست دەربارەی دوا پێشھات و ڕەوشی سیاسیی ناوخۆ خرایە ڕوو. دواتریش ئامادەبووان پرسیار، سەرنج و پێشنیارەکانیان ئاراستە کرد و بەرچاوڕوونی و وەڵامی پێویستیان لەلایەن دکتۆر ھێمن ھەورامی پێدرا.
