Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

​سەرۆکی حکوومەت بڕیارێک لەبەرژەوەندیی زیانپێکەوتووانی جەنگی داعش لە مەخموور دەردەکات​

مەخموور-KDP.info- حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە لێخۆشبوونی تەواوەتی لە قەرزی پێشینەی خانوبەرە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی قەزای مەخموور و دەوروبەری کە لە سەردەمی شەڕی تیرۆریستانی داعشدا خانووەکانیان تەقێندراوەتەوە.​

سەنگەر کانەبی گەورە، بەرپرسی لقی ۲۳ی قەرچووخی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی، بەناوی خۆمان و سەرجەم هاووڵاتییانی سنوری قەزای مەخموور، ناحیەکان و گوندنشینانی ناوچەکەوە، سوپاسگوزاریی قووڵی خۆمان ئاراستەی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، لەبەرامبەر ڕەزامەندی و ڕاسپاردنی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە ئەرێنییە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیارەکە لێخۆشبوونی تەواو دەگرێتەوە بۆ کۆی گشتیی باقیی قەرزەکە و ئەو سوودە داراییانەی (غەرامەیە) کە بەهۆی دواکەوتنی دانەوەی قەرزەکەوە هاتبوونە سەر شانی هاووڵاتییان.​لە کۆتاییدا بەرپرسی لقی ۲۳ی قەرچووخ گوتی، سەرۆکی حکوومەت هەمیشە لەو شوێنانە ئامادەیە کە خەمخۆری و بەرژەوەندیی گشتیی لێ بێت. بەم بڕیارەش داواکارییەکی گرنگی هاووڵاتییانی قبووڵ کرد و برینێکی دیکەی ناوچەکەی ساڕێژ کرد و ئارامییەکی دەروونیی گەورەی بۆ خێزانە زیانپێکەوتووەکان گەڕاندەوە. دووبارە سوپاس بۆ خەمخۆری و بەدەنگەوەهاتنی بەردەوامیان.

 

​بڵند ئیبراهیم